دەستبەسەر کرانی هاووڵاتییەکی کورد لە شاری سەوڵاوا

13:52 - 10 گەلاوێژ 2713
ئاژانسی کوردپا: هێزە ئیتلاعاتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران هاووڵاتییەکی کوردیان لە ناوچەی \"هەورامان\"ی سەربە شاری \"سەوڵاوا\" دەستبەسەر کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رۆژی دووشەممە رێکەوتی ٧ی گەلاوێژ هاووڵاتییەکی کورد بەناوی \"موجتەبا سۆهرابی نژاد\" خەڵکی گوندی \"دزڵی\"ی سەربە شاری سەوڵاوا لەلایەن هێـزە ئیتلاعاتییەکانی شاری \"سەوڵاوا\"وە دەستبەسەر کرا.

سەرچاوەیەکی نزیک لەو بنەماڵەیە بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند، بنەماڵەی ئەو هاووڵاتییە کوردە بۆ ئاگادار بوون لە چارەنووسی رۆڵەکەیان بەردەوام سەردانی ئیدارەی ئیتلاعاتیان کردووە، بەڵام هەتا ئێستا هێزە ئیلاعاتییەکان هیچ زانیارییەکیان لە مەڕ هۆکاری دەستبەسەر کردن و شوێنی راگیرانی \"موجتەبا سۆهرابی نژاد\" نەدرکاندووە.

بەپێی ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی کوردپا، لەماوەی ٤٠ رۆژی رابردوودا ٤٠ هاووڵاتیی کورد لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران و لەلایەن هێــزە ئەمنیەکانەوە دەستبەسەر کراون.

ئەو ئامارە رێژەییە و بەپشت بەستن بە ئاماری ئاژانسی کوردپا بڵاو دەکرێتەوە، بەسەرنجدان بە دۆخی ئەمنیەتیی ناوچە کوردنشینەکانی ئێــران و نەبوونی میدیای ئازاد بۆ رووماڵ کردنی هەواڵەکان، دەکرێ ئاماری راستەقینە لەو رێژەیەش زیاتر بێت.