دەستبەسەر کرانی هاووڵاتییەکی کورد لەشاری بۆکان

19:25 - 3 بەفرانبار 2713
ئاژانسی کوردپا: لەدرێژەی رەوتی دەستبەسەر کرانی هاووڵاتییانی کورد لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران، هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی شاری بۆکان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر و بۆ شوێنیکی نادیار راگوێزرا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ سەرلە بەیانیی ئەمڕۆ سێ‌شەممە رێکەوتی ٣ی بەفرانبار هاووڵاتییەک بەناوی بێهنام مەحموودزادە تەمەن ٤٢ ساڵ و دانیشتووی شاری بۆکان، لە فەلەکەی \"ئەسکەندری\"ی ئەو شارە دەستبەسەر کرا.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو رووداوە بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند؛ بێهنام مەحموودزادە لەلایەن هیزە ئەمنییەکانەوە لەبەر چاوی خەڵک دراوەتە بەر لێدان ودواتر بۆ ئیدارەی ئیتلاعات راگویزراوە.

ئەو سەرچاوەیە گوتیشی کە هێزە ئیتلاعاتییەکان هۆکاری دەستبەسەر کرانی \"بێهنام مەحموودزادە\"یان بۆ چالاکی و پەیوەندی گرتنی ناوبراو لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکان لەرێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە گەڕاندۆتەوە.

دەگوترێت کە کە بێهنام مەحمودزادە باوکی دوو منداڵە و بڕوانامەی کارناسیی بازرگانی لە زانکۆی کوردستان وەرگرتووە.

بەپێی ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ تەنیا لە ماوەی سێ مانگی پاییزی ئەمساڵدا ١٧٦ هاووڵاتیی کورد لەناوچە کوردنشینەکانی ئیران لەلایەن هیزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەستبەسەر کراون.