دەستبەسەر کرانی سەربازێکی زیندانی دیزڵ ئاباد لەمەڕ هەڵاتنی زیندانیان

20:33 - 12 رەشەمه 2713
ئاژانسی کوردپا: یەکێک لە سەربازەکانی زیندانی دیزڵ ئابادی کرماشان، لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی کرماشانەوە دەستبەسەر کرا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ سەربازێکی زیندانی دیزڵ ئاباد، کە چەند رۆژ پێش ئێستا ژمارەیەک لە زیندانیانی زیندانی دیزڵ ئاباد لەدەستی هەڵاتبوون، دەستبەسەر کراوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند؛ بڕیارە ئەو سەربازە بە تۆمەتی هاوکاری کردنی زیندانیان بۆ هەڵاتن لە زیندان کۆمەڵێک لە زیندان، دادگایی بکرێت.

هەڵهاتنی ئەو زیندانییانە لە کاتێکدایە، کە چەند رۆژ دواتر دوکتور هوومەن گوودەرزی، کە ماوەی ٩ ساڵ راوێژکاری قەزایی زیندانی دیزڵ ئابادی کرماشان بوو، رۆژی شەممە رێکەوتی ١٠ی رەشەمە پاش ئەوەی لەلایەن ئیتلاعاتەوە بانگهێشت و لێپرسینەوەی لێکرابوو، دوات چەند کاتژمیر گیانی لەدەست دا.

پزیشكانی نەخۆشخانە هۆكاری گیان لەدەست دانی ئەو مامۆستایەی زانكۆیان جەڵتەی دڵ راگەیاندووە، ئەمەش لەحاڵێكدایە بەوتەی كەسێكی نزیكی ئەو بنەماڵەیە، دكتور هوومەن گوودەرزی هیچ چەشنە نەخۆشییەكی نەبووە و بنەماڵەكەی لە مەرگی بە گومانن.

هەتا ئێستا روون نەبووەتەوە کە مەرگی گوماناویی ئەو مامۆستایەی زانکۆ و راوێژکاری قەزایی زیندانی دیزڵ ئابادی کرماشان، پەیوەندی بە هەڵهاتنی ئەو زیندانیانەی زیندانی دیزڵ‌ئابادی کرماشانەوە بووبێت.

رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ٣٠ی رێبەندان، ژمارەیەک لە زیندانیانی زیندانی دیزڵ ئاباد، لە کاتی راگواستن بۆ دادگای ئینقلاب، هەڵاتن.

یەکێک لەو زیندانییە دەربازبووانە، (محەممەد عەلی رۆستەمی) زیندانیی سیاسیی کوردی خەڵکی شاری جوانڕۆ بوو، کە رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ٣٠ی رێبەندان هاورێ لەگەڵ ژمارەیەکی دیکە لە زیندانیانی دیزڵ ئابادی کرماشان رایان کرد.