دەستبەسەر کرانی خوێندکارێکی کورد لە شاری پاوە

15:24 - 20 خەرمانان 2713
ئاژانسی کوردپا: خوێندکارێکی کوردی خەڵکی شاری پاوە بە بڕیاری بەرپرسی دادگای ئەو شارە دەستبەسەر و رەوانەی زیندان کرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سەر لە بەیانی ئەمڕۆ سێ‌شەممە رێکەوتی ١٩ی خەرمانان خوێندکارێکی کوردی زانکۆی پەیام نووری شاری پاوە بەناوی \"بێهنام فەتاحی\" پاش سەردان بۆ دادگای شاری پاوە، بە بڕیاری سەرۆکی دادگای ئەو دەستبەسەر کرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی لە نـزیک لە بنەماڵەی ئەو خوێندکارە کوردە، بەرپرسی دادگای شاری پاوە کە هاوکات مامۆستای زانکۆی پەیام نووری ئەو شارەیە، ئەو خوێندکارە کوردەی تەنیا بەهۆی دەمەقاڵەیەکی ناوبراو لەگەڵ یەکێک لە مامۆستایانی ئەو زانکۆیە دەستبەسەر کردووە.

سەرچاوەکە باسی لەوەش کرد، بێهنام فەتاحی لە کاتێکدا لەلایەن دادگاوە بەرەوڕووی دەستبەسەر کران دەبێتەوە کە ئەو کێشەیە پەیوەندی بە حراسەت و کۆمیتەی ئینزاباتیی زانکۆوە هەیە، بەڵام لەبەر ئەوەی کە بەرپرسی دادگا، مامۆستای ئەو زانکۆیەیە، بڕیاری دەستبەسەر کردنی \"بێهنام فەتاحی\" دەرکردووە.