دەستبەسەر کرانی باوکی زیندانییەکی سیاسیی کورد لە کامیاران

15:16 - 31 خەرمانان 2713
ئاژانسی کوردپا: رێکەوتی ٢٨ی خەرمانان باوکی زیندانییەکی سیاسیی کورد بەهۆی ناڕەزایەتی دەربڕین لەمەڕ ناڕوونیی دۆسیەی کوڕەکەی دەستبەسەر کرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، \"ئەحمەد ئیسحاقی\" باوکی \"نێعمەت ئیسحاقی\" زیندانیی سیاسیی کوردی خەڵکی ناوچەی کامیاران کە بە مەبەستی بەدواداچوون و روون کردنەوەی دۆسیەی کوڕەکەی سەردانی دادگای کردبوو، بە بڕیاری بەپرسی بەشی جێبەجێ کردنی حوکمەکان بۆ ماوەیەکی کاتی دەستبەسەر کرا.

چەند رۆژ پێش ئێستا نێعمەت ئیسحاقی کە هاوڕێ لەگەڵ ٣ زیندانیی سیاسیی کوردی خەڵکی گوندی \"هەنێمن\"ی سەربە ناوچەی کامیاران کە پاش چوار ساڵ راگیران لە زیندان بڕیاری ئازادیی مەرجدار (مشروط)‌یان بۆ دەرچووبوو، دەزگای قەزایی لە ژێر فشاری ئیدارەی ئیتلاعاتدا رێگری لە ئازاد کرانی \"نێعمەت ئیسحاقی\" کرد.

دەگوترێت، باوکی نێعمەت ئیسحاقی لە کاتێکدا کە لەپەیوەندەی لەگەڵ دژایەتیی دادگا و ئیدارەی ئیتلاعات لەمەڕ ئازادیی مەرجدار(مشروط)ی کوڕەکەی سەردانی دادگای کردبوو، سەرەڕای ئەوەی لەلایەن بەرپرسی بەشی جێبەجێ کردنی حوکمەکانی دادگای کامیارانەوە سووکایەتی پێکرا، بە تۆمەتی لایەنگری لە کوڕەکی کە بەرپرسی دادگا بە کەسێکی \"دژە شۆڕش(ضد انقلاب)\" ناودێر کردبوو، بۆ ماوەی ٤ کاتژمێر بەرەوڕووی دەستبەسەر کران بوویەوە.

ئەو چوار هاووڵاتییە کوردەی خەڵکی گوندی \"هنێمن\"ی سەربە شاری کامیاران لە رێکەوتی ١٣ی سەرماوەزی ساڵی ١٣٨٨ دەستبەسەر و دواتر بە تاوانی هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بە ١٢ ساڵ زیندان مەحکووم کران و پاشان حوکمەکەیان لە دادگای پێداچوونەوەدا بۆ ٩ ساڵ زیندانیی تەعزیری کەم کرایەوە.