دەستبەسەرکردنی بەربڵاوی هاووڵاتییان لە کوردستان

21:34 - 21 جۆزەردان 2717
ئاژانسی کوردپا: ناوەندە ئەمنیەتییەکانی حکوومەت لە کوردستانی ڕۆژهەڵات، پاش ڕوودوای ئەم دوایانەی شاری تاران دەیان کەسیان دەستبەسەر کرد و بۆ شوێنێکی نادیار ڕایانگواستن.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، پاش ڕووداوەکەی شاری تاران، ناوەندە ئەمنیەتییەکان لە کوردستانی ڕۆژهەڵات هەوڵی دەستبەسەر کردنی دەیان هاووڵاتیی کوردیان داوە.

هەواڵنێری کوردپا لە ناوچە جیاوازەکانی کوردستان ڕایانگەیاندووە؛ ناوەندە ئەمنیەتییەکان پاش ڕووداوەکەی شاری تاران، بە شێوەیەکی بەرچاو فەزای ئەمنیەتییان لە کوردستان توندتر کردووەتەوە.

وەزارەتی ئیتلاعات بە بڵاوکردنەوەی بەیانیەیەک لە ماڵپەڕی فەرمیی خۆیدا باسی لە دەستبەسەر کردنی ٤١ هاووڵاتی لە پارێزگاکانی کرماشان، کوردستان، ورمێ و تاران کردووە و ئەمە لە کاتێکدایە کە هێندێک لە ڕاگەیەنەکان باسیان لە دەستبەسەر کردنی ٧١ هاووڵاتی کردووە.

لە بەیاننامەی ئەو ناوەندە ئەمنیەتیەدا هاتووە؛ کەسانی دەستبەسەر کراو سەر بە گرووپی\"وەهابی داعش\" ن و ئەو دەستبەسەرکراوانەی بە\"تیمە عەمەلیاتییەکان و هەروەها لقە پەیوەندییدارەکان و بەشی تەداروکاتی ئەو گرووپە\"ناوزەد کردووە.

هەواڵنێری کوردپا لە شاری سەردەشت شوناسی سێ کەس لە دەستبەسەر کراوەکانی بە\"سەلاح، ئاوارە و عەبدوڵقادر\" خەڵکی ناوچەی\"دۆڵتانچک\"ڕاگەیاندووە.

هەواڵنێری کوردپا هەروەها ڕایگەیاند: بۆ دەستبەسەر کردنی ئەو سێ هاووڵاتییە، لە شاری \"ورمێ\"وە هێزە ئیتلاعاتییەکان ڕەوانەی شاری سەردەشت کراون.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەگەری دەستبەسەر کردنی ١٥ هاووڵاتیی دیکە لە شاری سەردەشت لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە لە ئارادایە.

لە لایەکی دیکەوە، هەواڵنێری کوردپا لە شاری کرماشان شوناسی هێندێک لە دەستبەسەر کراوەکانی شارەکانی ڕوانسەر و پاوەی ئاشکرا کردووە.

شوناسی سێ کەس لە دەستبەسەر کراوەکانی شاری ڕوانسەر کە بۆ ئاژانسی کوردپا ڕوون بووەتەوە بەم چەشنەیە:

بورهان موزەفەری تەمەن ٣٦ ساڵ دەرچووی زانکۆ، بەشی جوغرافیای شار لە زانکۆی شاری تاران، کوڕی ڕەحمان خەڵکی گوندی\"خەراجیان\"
فەرمان(فاروق) تەمەن ٣٣ ساڵ دپیلۆمی زانستە مرۆییەکان، کوڕی رەحمان خەڵکی گوندی\"خەراجیان\"
بەهمەن غولامی خەڵکی شاری ڕوانسەر

هەروەها هەواڵنێری کوردپا لە شاری پاوە باسی لە دەستبەسەر کردنی چەندین کەسی لەو شارە کردوە کە شوناسی سێ کەسیان بۆ ئاژانسی کوردپا ڕوون بووەتەوە.

بەپێی راپۆڕتی هەوڵنێری کوردپا، هێزە ئیتلاعاتییەکان بە هێرش کردنە سەر ماڵی ئەو سێ کەسە ئەو هاووڵاتییانەیان دەستبەسەر کردووە.

شوناسی ئەو سێ هاووڵاتییە \"یووسف بەهرامی کوڕی ئەمین، یاسر حەسەن زادە کوڕی مەولوود و ماکوان ئەحمەدی\" ڕاگەیەندراوە.

بە وتەی ئەو سەرچاوەیە، هێزە ئیتلاعاتییەکان لە کاتی دەستبەسەر کردنی ئەو کەسانەدا، ئازار و ئەشکەنجەی ئەو هاووڵاتییانه‌یان داوە.

ناوەندە ئەمنییەتییەکان هەنووکە لە ئاشکرا کردنی شوناسی دەستبەسەر کراوەکان خۆیان بواردووە و لە ژمارە و شوناسی دەستبەسەرکراوەکان زانیارییەکی ورد و دروست لە بەردەست ڕاگەیەنەکاندا نیە.