دەستبەسەرکرانی لاوێکی کورد لە سنە و ناڕوونیی چارەنووسی چالاکێکی مەدەنی لە مەریوان

13:41 - 27 سەرماوەز 2714
ئاژانسی کوردپا: لاوێکی تەمەن ٢٦ ساڵەی کوردی خەڵکی شاری سنە، لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەستبەسەر و بۆ شوینێکی نادیار راگوێزرا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، هێزە ئیتلاعاتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، لاوێکیان بەناوی فەرشید دۆڵابی کوڕی عەبدولخالق و خەڵکی شاری سنە، دەستبەسەر کرد.

بە گوتەی کەسوکاری ئەو لاوە کوردە، هێزە ئیتلاعاتییەکان فەرشید دۆڵابییان بە \"هەوڵدان دژی ئەمنیەتی وڵات\" تۆمەتبار کردووە.

دەگوترێ، فەرشید دۆڵابی، کە چەند رۆژ پێش ئێستا دەستبەسەر کراوە، بەهۆی چالاکیی مافی مرۆڤییەوە، ئەو تۆمەتەی دراوەتە پاڵ.

\"23679.jpeg\"
فەرشید دۆڵابی بەهۆی چالاکیی مافی مرۆڤییەوە، لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە ئەو تۆمەتەی دراوەتە پاڵ
هەتا ئێستا هیچ هەواڵێک لە چارەنووس و شوێنی راگیرانی فەرشید دۆڵابی لەبەر دەستدا نییە.

لەلایەکی دیکەوە سەرەڕای تێپەڕبوونی ٢٠ رۆژ بەسەر دەستبەسەرکرانی چالاکێکی مەدەنیی کورد لە شاری مەریوان، هەتا ئێستا لە دەستبەسەریی هێزە ئیتلاعاتییەکاندا ماوەتەوە.
\"23678.jpg\"
عەلی خۆشنمەک،تەمەن ٥٢ ساڵەرێکەوتی ٨ی سەرماوەز لەلایەن هێزە لیباس شەخسییەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە لەو شارەدا دەستبەسەر کرا
عەلی خۆشنمەک، چالاکی مەدەنیی کوردی خەڵكی شاری مەریوان، رێکەوتی ٨ی سەرماوەز لەلایەن هێزە لیباس شەخسییەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە لەو شارەدا دەستبەسەر کرا.

ئەو هاووڵاتییە تەمەن ٥٢ ساڵەیە، کە خێزاندار و باوکی ٣ منداڵیشە، لە رۆژانی رابردوودا بە تەلەفۆن لەگەڵ ماڵی خۆیان پەیوەندی گرتووە، کە بنەماڵەکەی ئاگاداری نەخۆشیی ناوبراو بوونەتەوەو تێکچوونی باری تەندروستییەکەی، نیگەرانیی لای بنەماڵەکەی دروست کردووە.