دەستبەسەرکرانی سێ برا لە دیواندەرە، لەلایەن ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە

15:24 - 17 سەرماوەز 2714
ئاژانسی کوردپا: مەئموارانی ئیتلاعاتی سوپای پاسداران لە شاری دیواندەرە، سێ هاووڵاتیی کوردی خەڵکی ناوچەی دیواندەرەیان دەستبەسەر کرد.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رۆژی هەینی رێکەوتی ١٤ی سەرماوەز سێ لاوی خەڵکی گوندی \"کێلە کەوو\"ی سەربە شاری دیواندەرە، کە برای یەکتر بوون، لەلایەن مەئموورانی ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانی حکوومەتی ئیسلامیی ئیرانەوە، دەستبەسەر کران.

هەواڵنێری کوردپا لە دیواندەرە ناوی ئەو سێ لاوە کوردەی شاهۆ مورادی، فەرزاد مواردی و هێمن مواردی راگەیاندووە.

دەگوترێ، کە ئەو سێ برایە، لە ماڵی خۆیاندا لە گوندی (کێلە کەوو)ی دیواندەرە دەستبەسەر کراون.

سەرەڕای سەردانی بنەماڵەی مواردی بۆ ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانی دیواندەرە، هەتا ئێستا هیچ هەواڵێک لە چارەنووسی ئەو سێ برایە و هەروەها هۆکاری دەستبەسەرکرانیان لەبەر دەستدا نییە.

بەپشت بەستن بە ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە مانگی سەرماوەزی ئەمساڵدا ١٥ هاوولاتیی کورد لەلایەن ناوندە ئەمنیەتی و ئیتلاعاتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئیرانەوە دەستبەسەر کراون.