دەستاودەستکردنی حوکمی سێدارەی هاووڵاتییەكی كورد، دوای پێنج ساڵ دەستبەسەری

13:46 - 31 خەرمانان 2714
ئاژانسی كوردپا: هاووڵاتییەكی كوردی خەڵكی شاری سنە و یەكێک لەچالاكانی سوننی مەزهەب، كە ماوەی پێنج ساڵە لەزینداندایە، حوكمەكەی لەدیوانی باڵای وڵات دەستاودەستی پێدەكرێ‌.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، شارام ئەحمەدی چالاكی سوننی مەزهەب لە رەزبەری ١٣٩١‌دا یە تۆمەتی \"موحاربە\" حوکمی لەسێدارەدانی بۆ برایەوە و ئەو حوكمە دوای ناڕەزایەتی دەربڕین و ئێعترازی شارام، لە بانەمەڕی ١٣٩٢‌دا رەوانەی دادگای پێداچوونەوە و دواتر دیوانی باڵای وڵات كرا.

\"22229.jpg\"
شارام ئەحمەدی، چالاكی سوننی مەزهەب
بەوتەی سەرچاوەیەكی ئاگادار، شارام ئەحمەدی دوای ٣٠ مانگ راگرتن لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە و زەنجان و هەروەها دوای ٤٣ مانگ ناڕوونی دۆسییەكەی، تەنیا لە دادگایی كردنێكی ٥ خولەكی و لە حوزووری پارێزەی \" تەسخیری\"‌دا حوكمی سێدارەی بەسەردا دەسەپێ‌.

ئەحمەدی بانەمەڕی ساڵی ١٣٨٨‌دا لەكاتێكدا لە مزگەوتی \"نەبی\" شاری سنە سەرقاڵی ئاخاوتن بووە، لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە تەقەی لێكراوە و دوای بریندار كردنی دەستبەسەر كراوە.

سەرچاوەكە ئەوەشی خستەڕوو، هێزە ئەمنییەكان لە کاتی دەستەبسەر کردنی شارام ئەحمەدیدا داویانەتە بەر لێدان و لەئەنجامی تەقە كردن كە پشتی بریندار ببوو، چەند ددانێکیشی بەهۆی لیدانەوە شکێندرابوو.

ئەو چالاكە مەزهەبییە بە هۆی بەركەوتنی گولـلە گورچیلەیەکی لەکار کەوتبوو، کە پزیشکەکان لەگەڵ ئەوەیکە گورچیلەکەیان دەرهێنابوو بەشێک لەریخۆڵەشی کە بریندار کرابوو، لێی‌دەكەنەوە.

لەلایەكی دیكەوە برایەكی شارام بەناوی بەهرام ئەحمەدی بە تۆمەتی هاوچەشنی(شارام) دەستبەسەر و بەفرانیاری ١٣٩١ بە تۆمەتی \"موحاربە\" لەسێدارە درا و تەرمەكەشی رادەستی بنەماڵەكەی نەكراوە.

\"22230.jpg\"
یەكێك لەنزیكەكانی بنەماڵەی ئەحمەدی بە هەواڵنێری كوردپای لەشاری سنە وتووە، \" ساڵی رابردوو بنەماڵەی شارام لەحاڵێكدا كە دەیانویست بە مەبەستی چاوپێكەوتن سەردانی زیندان بكەن، تووشی رووداوی هاتوچۆ هاتبوون و لەئەجامدا دایك و خوشكی ناوبراو تووشی زەربەمەغزی ببوون\".

پێشتریش شارام ئەحمەدی لە رەنجنامەیەكدا نووسیبووی:\" من تەنیا بەهۆی ئەوەی خوازیاری ژیانێكی ئازاد و بێ‌میترسیی بووم، ئەو حوكمەم بەسەردا سەپاوە و ئێستاش ئەو حوكمە دەستاودەستی پێدەكرێ‌و تەنیاش ئەو دەستاودەست كردنە ئامانجەكەی ئازاردانی زیاتری منە\".

شارام ئەحمەدی ساڵی ١٣٦٦ لەشاری سنە لەدایك بووە و ساڵی ١٣٨٨ بە تاوانی ئەنجامدانی چالاكی مەزهەبی لە مزگەوتی گەڕەكەكەی خۆیان بەناوی \"نەبی\" لەشاری سنە دەستبەسەر كراوە.

لەلایەكی دیكەوە و بەپێی راپۆرتی هەواڵنێری ئاژانسی كوردپا، بارزان نەسرۆڵڵا زادە زیندانی عەقیدەتی لە گرتووخانەی رەجایی شار بە هۆی نەخۆشی رەوانەی نەخۆشخانەی دەرەوەی زیندان كراوە.

\"22270.jpg\"
بارزان نەسرۆڵڵا زادە
بارزان كوڕی محەممەد سەلیم و خەڵكی شاری سنە جۆزەردانی ساڵی ١٣٨٩ لەشاری سنە دەستبەسەر و لەیەن لقی ٢٨‌ی دادگای ئینقلابەوە بە سێدارە حوكم دراوە.

بارزان لەكاتی دەستبەسەركردنیدا تەمەنی ١٧ ساڵ بووە و تۆمەتی \"موحاربە\"‌ی بەسەردا سەپاوە.

بەپێی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، سەرجەم ٣٤ زیندانی پەیڕەوی مەزهەبی سوننی مەحككوم بەئێعدام لە زیندانی رەجایی شاری كەرەج دان.

لەكۆی گشتیی ئەو رێژەیە، ٢٥ كەسییان بە سێدارە حوكم دراون و حوكمەكەیان هەتا ئێستا لەدیوانی باڵای وڵاتە و هەروەها حوكمی پێنج زیندانی دیكەی عەقیدەتی لەلایەن ئەو ناوەندە قەزاییەوە تەئید كراوە و ٤ زیندانی دیكەش چاوەڕوانی پێداچوونەوە و تاوتوێ‌كردنی سەر لەنوێی پەروەندەكەیانن.

سەرجەم ئەو زیندانیانە بە تۆمەتی \" موحاربە\" لەرێگەی ئەندامیەتی لەگرووپە سەلەفییەكاندا بە سێدارە حوكم دراون.
\"22231.jpg\"

\"22232.jpg\"