دەسبەسەر کردنی ٦ کۆڵبەری کورد لە شاری پیرانشار

15:06 - 19 خاکەلێوه 2718
ئاژانسی کوردپا: شەش کۆڵبەری کورد، لە کاتی کۆڵبەریدا لە لایەن ‌هێزە ئینتزامییەکانی حکوومەتی ئێرانەوە دەسبەسەر کراون.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، کاتژمێر ٥ی ئێوارەی ڕۆژی هەینی ١٧ی خاکەلێوە، شەش کۆڵبەری کوردی خەڵکی پەسوێی شاری پیرانشار، لە کاتی کۆڵبەریی لە ناوچە سنوورییەکانی ئەو شارە، لە لایەن هێزە ئینتزامییەکانەوە دەسبەسەر کراون.

هەواڵنێری کوردپا شوناسی چوار کەس لەو کۆڵبەرانە کە ئەندامی یەک بنەماڵە بوون، بە ناوەکانی \"عەلی، محەممەد، ئیبراهیم و لوقمان قادری\" ڕاگەیاندووە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو شەش کۆڵبەرە کوردە، بە هۆی بێکاری و دابین کردنی بژیوی ژیانیان ڕوویان لە کاری مەترسیداری کۆڵبەری لە ناوچە سنوورییەکان کردووە.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، ئەو شەش کۆڵبەرە کوردە، لە گرتووخانەی هێزە ئینتزامییەکان دان.

ناوەندە حکوومەتییەکان لەگەڵ کۆڵبەران و کاسبکاران لە کوردستان، لەژێر ناوی \"قاچاغچیانی شتومەک\" هەڵسوکەوت دەکەن، ئەمە لە کاتێکدایە کە خەڵکی ناوچە کوردنشینەکان بە هۆی نەبوونی هەلی کار و ڕوانینی ئەمنییەتیی حکوومەتی لەو ناوچانە، بەناچاری ڕوویان لە کاری مەترسیداری کۆڵبەری دەکەن و لەو پەیوەندییەدا زۆرێک لە کۆڵبەران لەو ڕێگایە گیانیان لە دەست دەدەن.