دەسبەسەر کردنی هاووڵاتییانی گوندی \"نێ\" دڕیژەی هەیە

20:54 - 28 خەزەڵوەر 2718
ئاژانسی کوردپا: لە درێژەی دەسبەسەر کردنی دانیشتوانی گوندی \"نێ\"ی مەریوان، هاووڵاتییەکی دیکەی خەڵکی ئەو گوندە لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئەمڕۆ دووشەممە ٢٨ی خەزەڵوەر، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی \"محەممەد نامداری\" تەمەن ٣٣ ساڵ کوڕی حامید خەڵکی گوندی \"نێ\"ی شاری مەریوان لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کرا.

ئەم هاووڵاتییە کوردە پاش دەسبەسەر کردنی بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراوە و لە چارەنووسی ناوبراو هیچ زانیارییەک لە بەردەستدا نییە.

هێزە ئیتلاعاتییەکان بەبێ دانی هۆکارێکی ڕوون هەوڵی دەسبەسەر کردنی ئەو هاووڵاتییە کوردەیان داوە.

لەو پەیوەندییەدا، شەوی یەکشەممە کاتژمێر ٩ی شەو، لاوێکی تەمەن ٢٢ ساڵ بە ناوی \"سەڵمان ئەفرا\" کوڕی ڕەحمەت خەڵکی گوندی \"نێ\"ـی مەڕیوان لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دسبەسەر کرا و لە ماوەی ٣٢ ڕۆژی ڕابردوودا، ئەمە ٥مین هاووڵاتییە خەڵکی ئەو گوندەیە کە دەسبەسەر دەکرێت.

هەروەها، ئەمڕۆ دووشەممە ٢٨ی خەزەڵوەر، \"بڕیار کاوە\" تەمەن ٢٥ ساڵ کوڕی ئەمین خەڵکی گوندی \"نێ\"ی مەریوان کە لە ڕێکەوتی ٢٦ی ڕەزبەری ئەمساڵ دەسبەسەر کرابوو، پاش ڕۆژێک گواستنەوەی بۆ زیندانی مەریوان بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی هەتا بەڕێوەچوونی کاتی دادگایەکەی لە گرتنگە ئازاد کرا.