دەسبەسەر کردنی لاوێکی ٢٠ ساڵە لە شاری بانە

13:05 - 4 بەفرانبار 2717
ئاژانسی کوردپا: هێزە ئیتلاعاتییەکان لاوێکی خەڵکی شاری بانەیان دەسبەسەر کرد و بۆ شوێنێکی نادیاریان ڕاگواست.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی یەکشەممەی حەوتووی ڕابردوو ڕێکەوتی ٢٦ی سەرماوەز، لاوێکی ٢٠ ساڵەی خەڵکی شاری بانە لە لایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی ئەو شارەوە دەسبەسەر کرا.

\"\"هەواڵنێری کوردپا لە شاری بانە، شوناسی ئەو لاوە کوردەی بە ناوی \"ڕەزا مریەمی\" تەمەن ٢٠ ساڵ ڕاگەیاندووە.

بە وتەی ئەو سەرچاوەیە، هەتا ئێستا چارەنووسی ئەو لاوە کوردە ناڕوونە و بەدواداچوونی بنەماڵەی بۆ ئاگاداربوون لە چارەنووسی کوڕەکەیان بێئاکام بووە و هێزەکانی ئیتلاعات لە دانی هەر جۆرە زانیارییەک بەو بنەماڵەی خۆیان دەبوێرن.

دەوترێ، هێزە ئیتلاعاتییەکان، ئەو هاووڵاتییە کوردەیان بە تۆمەتی \"پەیوەندیی و هاوکاری لەگەڵ حیزبە کوردییەکانی ئۆپوزسیۆنی حکوومەتی ئێران\" دەسبەسەر کردووە.

لە ماوەی ١٠ ڕۆژ ڕابردوودا، سێ هاووڵاتیی دیکە، خەڵکی گوندی \"تەوریوەر\" سەر بە شاری سنە بە ناوەکانی \"فاتیح حاجی‌ئەحمەدی\" کوری محەممەد ساڵح، \"ئارام و بێهنام عەلیڕەزایی\" کوڕی عەباس لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتەوە دەسبەسەر و هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە لە گرتووخانە دان.