دەسبەسەر کردنی دوو هاووڵاتیی لە کوردستان و ناڕوونی چارەنووسیان

21:16 - 17 گەلاوێژ 2718
ئاژانسی کوردپا: هێزە ئیتلاعاتی_ئەمنییەتییەکانی حکوومەتی ئێران لە شارەکانی کرماشان و بۆکان، دوو هاووڵاتیی کوردیان دەسبەسەر کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، هێزە ئیتلاعاتییەکانی حکوومەتی ئێران، نزیکەی یەک مانگ پێش لە شاری بۆکان هاووڵاتیی کوردی خەڵکی ئەو شارەیان دەسبەسەر کرد و هەتا ئێستا لە ئیتلاعاتی شاری بۆکان دایە.

شوناسی ئەو هاووڵاتییە کوردە بە ناوی \"فەردین وەفایی\" ڕاگەیەندراوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار وێرای پشتڕاست کردنەوەی ئەم هەواڵە، بە ئاژانسی کوردپا ڕایگەیاند: هەتا ئێستا هۆکاری دەسبەسەر کردنی فەردین وەفایی لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە ئاشکرا نەکراوە، بەڵام هێندێک سەرچاوی نافەرمیی هۆکاری دەسبەسەر کردنی ناوبراویان بۆ \"پڕوپاگەندە دژی نیزام\" گەڕاندووتەوە.

بە وتەی ئەو سەرچاوەیە، لە ماوەی دەسبەسەر کرانی ئەو لاوە بۆکانییەدا، ئەو هاووڵاتییە هەر لە گرتووخانەی ئیدارەی ئیتلاعاتدا ڕاگیراوە.

\"\"فەرهاد جیهان‌بەیگی
لە لایەکی دیکەوە، بەپێی ڕاپۆرتی کانوونی داکۆکیی لە مافی مرۆڤی کوردستان، ڕۆژنامەنووسیکی کورد خەڵکی شاری کرماشان بە ناوی \"فەرهاد جیهان‌بەیگی\" لە ڕێکەوتی ٢ی گەلاوێژ، لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارەوە دەسبەسەر کراوە.

بە وتەی ئەو سەرچاوەیە، ئەو ڕۆژنامەنووسە کوردە، ڕێکەوتی ٢٦ی پووشپەڕ دەسبەسەر و پاش چوار ڕۆژ ئازاد کراوە و دواتر لە ڕێکەوتی ٢ی گەلاوێژدا، جارێكی دیکە دەسبەسەر و لەو کاتەوە هەتا ئێستا هیچ زانیارییەک لە مەڕ چارەنووسی ناوبراو لە بەردەستدا نییە.

ئەو ناوەندە مافی مرۆڤە لە درێژەدا نووسیوویەتی: هێزە ئیتلاعاتییەکان هەڕەشەیان لە بنەماڵەی ئەو ڕۆژنامەنووسە کوردە کردووە کە، بە هیچ شێوەیەک مافی بە میدیایی کردنی بارودۆخی کوڕەکەیان نییە و لە وتووێژ کردن لەگەڵ ڕاگەیەنەکان خۆبووێرن.