دەسبەسەری و ناڕوونی چارەنووسی هاووڵاتییەکی کورد لە شاری مەهاباد

15:00 - 25 بەفرانبار 2717
ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییەکی کورد، خەڵکی شاری مەهاباد، پاش بانگهێشت و دەسبەسەر کردنی لە لایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارەوە، هەتا ئێستە لە گرتووخانەی ئەو ئیدارە دایە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، چارەنووسی هاووڵاتییەکی کورد، بە ناوی \"ڕەمەزان عەزیزی\" خەڵکی گوندی\" دریاز\"ی شاری مەهاباد، کە بۆ ئیداری ئیتلاعات بانگهێشت کرابوو، هەتا ئێستا هیچ زانیارییەک لە مەڕ چارەنووسی ئەو هاووڵاتییە لە بەردەستدا نییە و ئەمەش نیگەرانی لای بنەماڵەکەی دروست کردووە.

ساریا عەزیزی، هاوژینی ئەو هاووڵاتییە مەهابادییە لە وتووێژێکدا لەگەڵ ئاژانسی کوردپا ڕاگەیاند: \"هاوژینەکەی تەمەنی ٥٤ ساڵە و ڕۆژی پێنجشەممە ٢٠ی بەفرانبار، لە لایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارەوە دەسبەسەر کراوە و هەتا ئێستا بۆ ماڵی خۆیان نەگەڕاوەتەوە \".

ناوبراو لە درێژەدا دەڵێت: هەروەها کوڕەکەی بە ناوی \"هێمن عەزیزی\" بە تۆمەتی هاوکاریی لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپوزسیۆنی حکوومەتی ئێران، لەژێر چاوەدێری دایە.

ئەو هاووڵاتییە کوردە، پێشتریش لە مانگی گەلاوێژی ٩٤ی هەتاوی، بۆ ماوەی ٨ مانگ بەبێ دادگایی کردن، لە گرتووخانەدا بووە.

لە ڕەوتی دوایین ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی ئێران، زۆرێک لەو بنەماڵانە کە کوڕەکانیان لە دەرەوەی وڵاتن، هەڕەشەیان لێ کراوە، کە بە هیچ جۆرێک چالاکی سیاسی، پڕوپاگەندە دژی نیزام و هاوکاریی لەگەڵ حیزبە دژبەرەکانی حکوومەتی ئێران نەکەن، کە دواتر لێکەوتە و ئەنجامی خراپی بۆیان هەیە.