دەسبەسەریی و خۆشاردنەوەی دوو هاووڵاتیی لە شاری مەهاباد

13:53 - 8 رەزبەر 2718
ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی شاری مەهاباد، لە ترسی دەسبەسەرکردنی لە لایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە، خۆی حەشار داوە و لە لایەکی دیکەوە برایەکی ئەو هاووڵاتییە کوردە، لە لایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی ئەو شارە دەسبەسەر کراوە و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی پێنجشەممە ٥ی ڕەزبەر، هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی شاری مەهاباد، بە ناوی \"ئیبراهیم دیوازی\"، دانیشتووی شاری مەهاباد، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی ئەو شارەوە دەسبەسەر کرا.

بەپێی هەواڵی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو هاووڵاتییە کوردە شۆفێری تاکسییە و هێزە ئیتلاعاتییەکان هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی ناوبراو و لە ماڵەکەی خۆیدا دەسبەسەریان کردووە.

بە وتەی ئەو سەرچاوەیە، پێش ئەم ڕووداوە، هێزە ئیتلاعاتییەکان حەوتووی رابردوو، هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی برایەکی ئیبراهیم و پاش بێڕێزیکردن بەو بنەماڵەیە بەتایبەتی دایکی، دەستیان بە پشکنینی ماڵەکەی ناوبراو کردووە.

ئەو سەرچاوەیە دەسبەسەرکرانی ئیبراهیم دیوازیی بۆ گومان سەبارەت بە هاوکاریی براکەی لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران گەڕاندەوە.

ئیسماعیل فەرهەمەند برای ئیبراهیم دیوازی، لە ترسی دەسبەسەرکردنی لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکان خۆی حەشار داوە و هەروەها برایەکی ئەم دوو هاووڵاتییە کوردە بە ناوی \"عوسمان دیوازی\"، لە ساڵی ٥٩ی هەتاوی، لە گوندی \"ئیندرقاش\" بە دەستی هێزەکانی سپای پاسداران کوژرا.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە هیچ زانیارییەک لەمەڕ چارەنووسی ئەو هاووڵاتییە کوردە لە بەردەستدا نییە.

پاش مانگرتنە گشتییەکی خەڵکی کوردستان، لە ڕێکەوتی ٢١ی خەرمانان، هێزە ئیتلاعاتی و ئەمنییەتییەکانی حکوومەتی دەستیان کردووە بە ڕەشبگیری و ژمارەیەک لە هاووڵاتییانی کورد لە شارەکانی کوردستانیان دەسبەسەر کردووە.