دەسبەسەرکردنی هاووڵاتییانی کورد بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ یەکێک حیزبە کوردییەکان لە شەڕی زێوێ

19:31 - 19 بەفرانبار 2717
ئاژانسی کوردپا: هێزە ئیتلاعاتییەکان، هاووڵاتییەکی کورد خەڵکی شاری پیرانشاریان، بە تۆمەتی هاوکاری کردن لە شەڕ و تێکەڵچوونی پێشمەرگەکانی شاری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە هەمبەر هێزەکانی سپای پاسداران لە گوندی \"زێوێ\" ناوچەی پیرانی پیرانشار دەسبەسەر کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی یەکشەممە ١٧ی بەرفرانبار، هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی شاری پیرانشار، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی ئەو شارە دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.

هەواڵنێری کوردپا لە شاری پیرانشار، شوناسی ئەو هاووڵاتییە کوردەی بە ناوی \"ناسیح خالیدی\" تەمەن سی ساڵ، خێزاندار و باوکی دوو مناڵ ڕاگەیاندووە.

بە وتەی ئەو سەرچاوەیە، ناسیح خالیدی فەرمانبەرە و لە نەخۆشخانەی شاری پیرانشار کار دەکات و هێزە ئیتلاعاتییەکان بە زۆر دەسبەسەریان کردووە و هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە هیچ زانیارییەک لەمەڕ چارەنووسی ئەو هاووڵاتییە کوردە لە بەردەستدا نییە.

ئەو سەرچاوەیە لە درێژەدا دەڵێت: هێزە ئیتلاعاتییەکان، ئەو هاووڵاتییە کوردەیان بە تۆمەتی بەشداری و هاوکاریی لەگەڵ پێشمەرگەکانی شاری حدکا لە شەڕ و تێکەڵچوون لەگەڵ هێزەکانی سپای پاسداران تاوانبار و دەسبەسەر کردووە.

هەر لەو پەیوەندییەدا، ڕۆژی ١٦ی بەفرانبار، مەحموود عەلەوی وەزیری ئیتلاعات لە لێدوانێکدا، لە ڕێورەسمی سەرەخۆشی سێ کەس لە کوژراوەکانی پیراشار لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، لە شاری ورمێ ڕاگەیاند: بە زووترین کات سەربازانی ئیمام زەمان وڵامی توند بە گرووپە دژبەرەکانی حکوومەت لە ناوچەکە دەدەنەوە.