دەسبەسەرکردنی هاووڵاتییانی ناڕازی لە ئێراندا درێژەی هەیە
ئاژانسی کوردپا: ژمارەیەک لە هاووڵاتییان کە دژی هێرشی دەوڵەتی تورکیە بۆ سەر کوردستانی ڕۆژئاوا، لە بەرانبەر باڵوێزخانەی تورکیە لە شاری تاراندا ناڕەزایەتییان دەربڕیبوو، دەسبەسەر کران.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی شەممە، ٢٠ی ڕەزبەر، کوردەکانی دانیشتووی شاری تاران لە هەمبەر هێرشی دەوڵەتی تورکیە بۆ سەر ڕۆژئاوا، کۆبوونەوەیەکی ناڕەزایەتییان لە بەرانبەر باڵوێزخانەی تورکیەدا بەڕێوەبرد.
لەو کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەدا، مەئموورانی حکوومەتی هەوڵی دەسبەسەرکردنی هاووڵاتییانی ناڕازییان داوە و زیاتر لە ١٠ کەس دەسبەسەر کراون.
شوناسی هەندێک لەو دەسبەسەرکراوانە بریتین لە "ئیسماعیل سالاری، موحسێن مووسەوی، عەبدوڵڵا جیهانبین، ئومید جەهانگیری، سالار مەولایی، محەممەد شەهابی، مازیار محەممەدی ئازەر بۆکانی، کاوان محەممەدی ئازەر بۆکانی و کاوان کەریمپوور".
هەروەها، ڕۆژی شەممە، ٢٠ی ڕەزبەر، هاووڵاتییانی کورد لە شارەکانی: "ورمێ، سنە، ئیلام، کرماشان، دیواندەرە، مەهاباد، شنۆ، سەقز، جوانڕۆ، پاوە و سەلاسی باوەجانی"، بۆ پشتیوانی لە ڕۆژئاوا ڕژانە سەر شەقامەکان و ناڕەزایەتیی خۆیان دەربڕی.
لەو کۆبوونەوە ناڕەزایەتییانەدا، هاووڵاتییان دروشمی جۆراجۆریان دژی دەوڵەتی تورکیە و ئەردۆغان دا.
بەپێی ڕاپۆرتەکان، "خالید حوسێنی"، چالاکی کرێکاری، لە کۆبوونەوەی پشتیوانیی شاری سنە لە ڕۆژئاوا، دەسبەسەر کراوە.