دەسبەسەرکردنی لاوێکی دیکە لە مەریوان

ئاژانسی کوردپا: هێزە ئیتلاعاتییەکان لاوێکی دیکەی، خەڵکی گوندی \"سەردۆش\" سەر بە شاری مەریوانیان دەستبەسەر کردووە.

بە پێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی سێشەممە ٦ی خاکەلێوە، لاوێکی خەڵکی گوندی \"سەردۆش\" سەر بە شاری مەریوان بە ناوی \"عادڵ نیکخاه\" ٢٣ ساڵە کوڕی عومەر لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەستبەسەر کرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو لاوە کوردە دوای دەستبەسەری گواستراوەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

ئەو سەرچاوە ئاگادارە هەروەها وتوویەتی، هێزە ئیتلاعاتییەکان بە بێ نیشاندانی بەڵگەی یاسایی ئەو لاوەیان دەستبەسەر کردووە.

تا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە لە هۆکار یان هۆکارەکانی دەسبەسەری ئەو لاوە کوردە هیچ زانیارییەک لە بەردەستدا نییە.

هەر لەم پێوەندییەدا، هێزە ئیتلاعاتییەکان، لە ڕێگەی پێوەندی تەلەفۆنییەوە سی کەس لە لاوەکانی گوندی \"سەردۆش\"، سەر بە شاری مەریوانیان بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە کردووە و هەڕەشەیان لێ کردوون.

هەروەها، ڕۆژی دووشەممە، ٥ی خاکەلێوە، دوو لاوی کورد، بە ناوەکانی \"ئەرسەلان نیکخا\" تەمەن ٢٤ ساڵ، کوڕی عارف و \"ئارش نەوزەری\"، تەمەن ٢٣ ساڵ، کوڕی فایەق، خەڵکی گوندی \"سەردۆش\"، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە، دەسبەسەر کران.