دەسبەسەرکردنی دوو هاووڵاتیی و خۆشاردنەوەی هاووڵاتییەکی دیکە

14:04 - 2 خەزەڵوەر 2718
ئاژانسی کوردپا: دوو هاووڵاتیی کورد فەیلی، خەڵکی شاری ئیلام، زیاتر لە ٥٠ ڕۆژە لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە، دەسبەسەر کران و چارەنووسیان ناڕوونە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، دوو هاووڵاتیی کورد، بە ناوەکانی \"هادی باقرنژاد و سەجاد فەریادی\" کوردی فەیلیی خەڵکی شاری ئیلام ، ماوەی ٥٥ ڕۆژە لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە دەسبەسەر کراون.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو دوو هاووڵاتییە کوردە، دوو ساڵ پێش بۆ ماوەی ١٢ ڕۆژە لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپای پاسدرانەوە، دەسبەسەر کراون.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها دەڵێت: ئەو دوو هاووڵاتییە کوردە، لەگەڵ کەسێکی دیکە بە ناوی \"ئەحمەد عەلی\" کوڕی عەلی کە خەریکی دەرهێنانی \"ئاسەوارە مێژووییەکان\" بوون، لە لایەن ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە لە شاری ئیلام دەسبەسەر دەکرێن و ئەو هاووڵاتییەکەی دیکە لە ترسی دەسبەسەربوونی، خۆی شاردووتەوە.

\"\"ئەحمەد عەلی
ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستەڕوو، ئەحمەد عەلی، لە ترسی دەسبەسەرکردنی، ماوەی نزیک بە ٢ مانگە خۆی شاردووەتەوە و لەو پەیوەندییەدا، ئیتلاعاتی سپای پاسداران، هەموو حەوتوویەک جارێ دەچێتە سەر ماڵی باوکی ئەو کوڕە و داوای خۆڕادەستکردنی ناوبراو دەکات.

یەکێک لە کەسە نزیکەکانی ئەحمەد عەلی بە هەواڵنێری کوردپای ڕاگەیاند: هێزەکانی سپای ئیتلاعات بە حوکمی ئەوەی ئێمە فەیلین، چەندین جار پاش پشکنینی ماڵەی باوکی ئەحمەد عەلی، دەستیان بە بێڕیزیکردن بەو بنەماڵەیە بەتایبەتی دایکی ئەو کوڕە کردووە و هەڕەشەیان کردووە کە لە ئەگەری خۆڕادەست نەکردنی کوڕەکەیان، دایکی دەسبەسەر دەکرێت.

بە وتەی ئەو هاووڵاتییە، هێزەکانی ئیتلاعاتی سپای پاسداران، لە حەوتوویەکدا دوو جار نیگابان بۆ ئەو بنەماڵەیە دادەنین، کە لە ئەگەری هاتنەوەی کوڕەکەیان، ناوبراو دەسبەسەر بکەن.

سەرەڕای ناڕوونیی چارەنووسی ئەو دوو هاووڵاتییە کوردە لە زیندانی ئتیلاعاتی سپای پاسداران لە ئیلام و خۆشاردنەوەی ئەحمەد عەلی لە ترسی دەسبەسەرکرانی، هێزەکانی ئەو ناوەندە حکوومەتییە ئەو دوو هاووڵاتییە کوردەیان وەکوو بارمتە بۆ خۆڕادەستکردنی ئەحمەد عەلی بە ئیتلاعاتی سپای پاسداران بەکاریان دێنن.

\"\"
دەسبەسەرکردنی دوو هاووڵاتیی و خۆشاردنەوەی هاووڵاتییەکی دیکە