دەسبەسەرکراوەکانی کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکان لە کوردستان، ئازار و ئەشکەنجە دراون

12:21 - 4 سەرماوەز 2719

ئاژانسی کوردپا: دەسبەسەرکراوانی کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییانە لە شارەکانی کوردستان، بۆ وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ، ئازار و ئەشکەنجە دراون.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، دەسبەسەرکراوانی کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییانە لە شارەکانی کوردستان، ڕەوانەی پادگانەکان و گرتنگەکانی سپای پاسداران و گرتنگەکانی وەرزارەتی ئیتلاعات کراون و لێپرسینەوەیان لەگەڵ کراوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە ئیتلاعاتییەکان، بۆ ئەوەیکە هێندێک لە هاووڵاتییانی ناڕازی وەک هۆکاری نائەمنیی کۆمەڵگا بە بیروڕای گشتی بناسێنن، ئەوانیان ناچار بە دانپێدانانی زۆرەملێ کردووە و ئازار و ئەشکەنجەیان داون.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە ئیتلاعاتییەکان ١٠ کەس لە هاووڵاتییانی ناڕازیی خەڵکی بۆکانیان وەکوو بەڕێوەبەرانی سەرەکیی ناڕەزایەتییەکان لەو شارە ناساندووە و هەنووکە لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری ورمێ، ڕایانگرتوون.

ئەو سەرچاوەیە هەورەها ئەوەشی خستەڕوو کە "عەبدوڵلا وەتەندووست" یەکێک لە ناڕازییانی شاری مەریوانە کە لە کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکانی ئەو شارەدا بریندار بووە و بە بێ دەوا و دەرمانی پزیشکی لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە بۆ گرتنگە ڕاگوێزراوە و لە بارودۆخی گشتیی ناوبراو هیچ زانیارییەک لە بەردەستدا، نییە.

ئەو سەرچاوەیە هەورەها دەڵێت: لە ڕەوتی کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکانی شاری مەریواندا، یەکێک لە هاووڵاتییانی ناڕازی بە ناوی "ئاراس ڕۆحی" خەڵکی گوندی "ئەسراوا"ی ئەو شارە دەسبەسەر و لە چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانی هیچ زانیارییەک لە بەر دەستدا نییە.

لە لایەکی دیکەوە، شوناسی ٥ هاووڵاتیی ناڕازی دیکە لە کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکانی شاری سنە بە ناوەکانی "فەرزین مەولوودی" تەمەن ١٩ ساڵ، "شارام وەکیلی"، "زانیار گەلێنی"، "ئارمان وەفایی" و "کاوە ڕەزایی"، بۆ ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕوون بووەتەوە.

لە چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانی ئەو ٥ هاووڵاتییە کوردە، هیچ زانیارییەک لە بەردەستدا، نییە.

وێنە: عەبدوڵلا وەتەندووست و فەرزین مەولوودی