دەسبەسەرکرانی دوو هاووڵاتی خەڵکی بانە و مەترسی ڕادەستکردنەوەیان بۆ ئێران

10:38 - 3 رەزبەر 2721

دوو هاووڵاتیی کورد خەڵکی شاری بانە بە ناوەکانی "سابیر باپیری و شاهۆ باپیری" لەلایەن پۆلیسی تورکیە دەسبەسەر و ڕەوانەی کەمپی مێرسن و دواتر ڕەوانەی کەمپی "غازی عەنتاب" کراون.

ئەو دوو هاووڵاتییە باوک و کوڕن و ماوەی ٤ ساڵە وەکوو پەنابەر خۆیان به یوو.ئێن لە وڵاتی تورکیە ناساندووە.

سابیر باپیری لەو پەیوەندییەدا، دەڵێت: "پاش چوار ساڵ وڵامنەدانەوە لەلایەن یوو.ئێن و ئیدارەی کۆچ و کۆچبەرانی وڵاتی تورکیە و ناڕوونیی چارەنوسمان، ناچار بووم وڵاتی تورکیە بەجێبهێڵم و ڕوو لە وڵاتانی ئورووپایی بکەم، بەڵام ڕێکەوتی ١٤ی سێپتامبری ساڵی ٢٠٢١ دەسبەسەر و ڕەوانەی کەمپێک لە شاری مێرسن کراین".

ئەو دوو هاووڵاتییە هەروەها ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ٢١ی سێپتامبری ٢٠٢١ی زایینی بەپێی بڕیارێک لەلایەن پۆلیسی تورکیەوە ڕەوانەی کەمپی غازی عەنتاب کراون و ئەگەری ڕادەستکردنەوەیان لە وڵاتی تورکیە بۆ ئێران لەسەرە.

سابیر باپیری، ساڵی ١٣٩٦ کاتێک که هێزەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ئاوایی هەنگەژاڵی بانە دوو کۆڵبەریان بە تەقەی ڕاستەوخۆ کردە ئامانج، وەکوو ڕێکخەر و بەشداربوو لە کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکان دەسبەسەر کران و پاش ئازادبوونی لە ترسی هەڕەشەی هێزە ئەمنییەتییەکان زێدی خۆی بەجێهێشت.

ئەو هاووڵاتییە  لە ساڵی ١٣٨٩ وەکوو شاخەوان و هەڵسوڕاوێکی ژینگەپارێزی پەیوەست بە گرووپی شاخەوانی ئاربابای بانەوە بووە و لە هەموو چالاکییە مەدەنی و کۆمەڵایەتی ، ڕێکخستن و پاڵپشتیی هەر جورە ناڕەزایەتیەک سەبارەت بە زوڵم و نادادپەرەوری لە شاری بانە بە شێوەیەکی بەرچاو بەشداری کردووە.