دەسبەسەرکرانی دوو هاووڵاتیی کورد لە ڕوانسەر

14:37 - 16 رێبەندان 2717
ئاژانسی کوردپا: هێزە ئیتلاعاتییەکانی حکوومەتی ئێران، دوو هاووڵاتیی کورد، خەڵکی شاری ڕوانسەر سەر بە پارێزگای کرماشانیان دەسبەسەر کردووە و بۆ شوێنێکی نادیاریان ڕاگواستوون.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی ١٢ی ڕێبەندان، دوو هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی \"مەهەدی فەرەجی\" و \"ئەیووب عەزیزی\" لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکان دەسبەسەر کردووە و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوازراون.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بارەیەوە بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند، هێزە ئیتلاعاتییەکان هۆکاری دەسبەسەرکرانی ئەو دوو هاووڵاتییە کوردەیان بۆ \"هاوکاریی لەگەڵ یەکێک لە حیزب دژبەرەکانی حکوومەتی ئێران\" ڕاگەیاندووە.

تا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەو هەواڵەی هیچ زانیارییەک لە شوێنی ڕاگرتنی ئەو دوو هاووڵاتییە کوردە لە بەردەستدا نییە و لە دانی زانیاریش بە بنەماڵەکانیان خۆ دەبوێرن.

هەر لەو پێوەندییەدا، ڕۆژی شەممە ١٤ی ڕێبەندان، دوو هاووڵاتیی کوردیان بە ناوەکانی \"ڕەشید ئازەری\" و \" ئازاد ڕۆستەمی\" لە شارەکانی سنە و سەردەشت، بە تۆمەتی \"هاوکاریی لەگەڵ یەکێک لە حیزب دژبەرەکانی حکوومەتی ئێران\" دەسبەسەر کردووە.