دەسبەسەرکرانی دوو هاووڵاتیی کورد لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکان لە مەریوان

ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ٢١ی بەفرانبار، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "جەبار پیرووزی"، خەڵکی مەریوان لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانە دەسبەسەر کرا.

هێزە ئەمنییەتییەکان بە بێ بەڵگەی یاسایی هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی ئەو هاووڵاتییە و ناوبراویان دەسبەسەر کردووە.

"جەبار پیرووزی" بۆ لێپرسینەوە ڕەوانەی یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکان لە شاری سنە کراوە.

لەلایەکی دیکەوە، ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ١٧ی بەفرانبار، هێزە ئەمنییەتییەکان هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "سەلمان ئەدوای"، خەڵکی مەریوان و بە بێ بەڵگەی یاسایی ناوبراویان دەسبەسەر کردووە.

ئەو هاووڵاتییە کوردە پاش دەسبەسەرکرانی بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراوە.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، لە هۆکاری دەسبەسەری و تۆمەتی وەپاڵدراو دژی ئەو دوو هاووڵاتییە کوردە هیچ زانیارییەک لە بەر دەستدا نییە.