دەسبەسەرکرانی دوو برای خەڵکی پیرانشار

16:05 - 3 بەفرانبار 2718
ئاژانسی کوردپا: دوو هاووڵاتیی کوردی خەڵکی شاری پیرانشار، لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتەوە دەسبەسەر کراون و بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی سپای پاسداران لە شاری ورمێ گوازراونەتەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، دوو هاووڵاتیی کوردی خەڵکی پیرانشار، بە ناوەکانی \"سەید موسلیح تاهیری\"، تەمەن ٥٠ ساڵ و \"سەید لوقمان تاهیری\"، تەمەن ٤٥ ساڵ، لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سەر بە ئیتلاعاتی سپاوە دەسبەسەر کراون.

ئەم دوو هاووڵاتییە کوردە کە برای یەکن، بیست ڕۆژ پێش دەسبەسەر کراون و بۆ گرتووخانەی ئیتلاعاتی سپای پاسداران لە شاری ورمێ ڕاگوێزراون.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، لێکۆڵینەوە لەم دوو برایە لە گرتووخانەی ئیتلاعاتی سپای پاسداران لە شاری ورمێ بەردەوامە و هێزەکانی ئیتلاعات ئەم دوو برایەیان بە تۆمەتی هاوکاریی لەگەڵ یەکێک لە حیزبە ئۆپۆزسیۆنە کوردییەکانی حکوومەت تۆمەتبار کردووە.

ئەم سەرچاوەیە لە درێژەدا ڕایگەیاند: ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتییانی کورد بە تۆمەتی هاوکاریی لەگەڵ یەکێک لە حیزبە ئۆپۆزسیۆنە کوردییەکانی حکوومەتی ئێران، لە شارەکانی شنۆ و پیرانشار، لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتەوە دەسبەسەر کراون و بۆ گرتووخانەی ئیتلاعاتی سپای پاسداران لە شاری ورمێ ڕاگوێزراون.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، سەید موسلیح و سەید لوقمان تاهیری لە گرتووخانەی ئیتلاعاتدان و لە چارەنووسییان زانیارییەکی ورد لەبەر دەستدا نییە.