دەزگا ئەمنییەکان لەژێر چاوەدێریی خامنەییدا زیاتر پەرە دەگرن

18:57 - 23 رەزبەر 2714
ئاژانسی کوردپا: لە حکوومەتی ئیسلامیی ئیراندا، ١٦ ناوەندی ئیتلاعاتی و حیفازەتی، بەرپرسیارەتیی پاراستنی ئەمنیەتی گیانی و سیاسیی کەسی یەکەمی نیزامیان لە ئەستۆیە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لەکاتی بەدەسەڵات گەیشتنی عەلی خامنەییەوە هەتا ئێستا، ژمارەی ناوەندە ئەمنییەکانی حکوومەتی ئیسلامی لە ٥ ناوەندەوە بۆ ١٦ ناوەند زیادی کردووە.

سێ قات بوونەوەی ژمارەی ناوەندە ئیتلاعاتییەکان لەماوەی ٢٥ ساڵی رابردوودا، هاوکات بووە لەگەڵ پەرەگرتنی چەمکی \"هاوتەریب کردن\" لەو ناوەندە ئەمنییانەدا، کە لێپرسروانی حکوومەتی بەردوام پێداگرییان لەسەر کردۆتەوە.

لە رۆژانی رابردوودا وەزیری ئیتلاعات بۆ یەکەمین جار بڕیارنامەیەکی سەبارەت بە دامەزراندنی ئەو ناوەندە ئەمنیە لە هاوینی ساڵی ٦٣دا بڵاو کردەوە، کە \"دەسەڵات\" و \"هاوئاهەنگی\"، لقەکانی سازمانی ئیتلاعات یەکێک لە فاکتۆرەکانی جێگەی نیگەرانیی دەستەی بەڕێوەبەریی رۆژنامەی (همشهری) بۆ ناو رۆژنامەکە بووە.

هەرچەند لە دەستپێکی چالاکییەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتدا پێداگری لەسەر هاوئاهەنگ کردنی یەکە ئەمنییەکانی وڵاتی ئێران پێداگری کرابوو، بەڵام ئەم پرسە لە پراکتیکدا بێ ئەنجام مایەوەو لە ١٥ مانگی رابردووشدا عەلی یوونسی، وەزیری پێشووی ئیتلاعات باسی لە \"نەبوونی دەستەڵاتی وەزارەتی ئیتلاعات\" بەسەر تێکڕای ناوەندە ئەمنییەکاندا کردبوو.

\"22689.jpg\"
عەلی خامنەیی لە ماوەی ٢٥ ساڵی رابردوودا، ١١ ناەندی دیکەی ئەمنیەتی پێکهێناوە
ئەو نەبوونی دەستەڵاتە، کە راوێژکاری حەسەن رۆحانی باسی کردووە، بۆ ژمارەی ناوەندە ئەمنییەکان و ململانەی باڵەکانی ناو دەسەڵات بۆ زاڵبوونی کامڵ بەسەر زانیاری و داتا ئەمنییە و ئابوورییەکانی وڵات دەگەڕێتەوە.

کارناسانی بواری ئەمنی لە ئێران، رکابەری و کێشەی نێوان وەزارەتی ئیتلاعات و سوپای پاسداران بە گرینگترین کۆڵەکەکانی هاوتەریب کردن لە دەزگا ئەمنییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئیران لە قەڵەم ئەدەن.

هاشمی رەفسەنجانیش لە بیرەوەرییەکانی خۆیدا لە ساڵی ١٣٦٦ و ١٣٦٧دا ئاماژە بە کێشەی قووڵی نیوان وەزارەتی ئیتلاعات و سوپای پاسداران دەکات و دەڵێت: \"فەرماندەرانی سوپای پاسداران و بەرپرسانی وەزارەتی ئیتلاعات هاتن و سەبارەت بە کاروباری دەرەوەی وڵات گفتوگۆیان کرد\".

رەفسانجانی مەبەستی بەرنامەی دەزگا ئیتلاعاتییەکان بۆ سڕینەوەی رێبەرانی سیاسیی و چالاکانی ئۆپۆزیسیۆنی دەرەوەی وڵاتە.

ململانەی نێوان ناوەندە ئیتلاعاتییەکانی پاش کوشتنی پەروانە و داریووش فرووهەر، محەمەد موختاری، جەعفەر پوویەندە بەدەستی وەزارەتی ئیتلاعات کوژران و بە کوشتنە زنجیرەییەکان ناوبانگی دەرکرد، سەریهەڵدا و لێکدانەوەی توندئاژۆخوازەکان بووە هۆی لاوازبوونی ئەم ناوەندە و پەرە گرتنی ناوەندە ئیتلاعاتییەکانی هاوتەریب بەتایبەت ئیتلاعاتی سوپای پاسداران.

سازمانی ئیتلاعاتی سوپای پاسداران، حیفازەت ئیتلاعاتی هێزە چەکدارەکان، حیفازەت ئیتلاعاتی سوپای بەسیج، حیفازەت ئیتلاعاتی سوپای قودس، پۆلیسی فەتا و حیفازەت ئیتلاعاتی دەزگای قەزایی ئەو ناوەندە تازە دامەزراوانەی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانن، کە سەرەکی‌ترین رۆڵیان لە رووبەڕووبوونەوەی دژبەرانی سیاسیدا هەیە.

مانگی پووشپەڕی ئەمساڵیش ناوەندی لێکۆڵینەوەی ئیسلامیی مەجلیس باسی لە پێکهاتەیەک بەناوی \"دادوەری گویبیستن\" کرد و رایگەیاند؛ ئەم پێکهاتەیە لەسەر تەئیدی رێبەر بووە و تەنیا بەویش وڵامدەر دەبێت.

سەرەڕای کێشەی قووڵ لە نێوان ئەو ناوەندە ئەمنییانەدا، بەڵام سەرجەمیان بۆ هەڵبژاردنی بەرپرس خاڵێکی هاوبەشیان هەیە، کە بەرپرسی تێکڕای ناوەندە ئەمنیەیکان لەلایەن عەلی خامنەیی کەسی یەکەمی نیزامەوە دیاری دەکرێت.

عەلی خامنەیی، لەماوەی ٢٥ ساڵی رابردوودا، کە بە دەسەڵاتی رەهای حکوومەتی ئیسلامیی ئێران دەناسرێت، هەوڵی داوە ناوەندە ئەمنییەکان زیاتر لە بواری سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتیدا چالاک بن، بەڵام کۆبوونەوەی نێوانیان بەردەوام ئاڵۆز بووەو لەگەڵ ئەوەشدا هاوتەریب کردن بۆ ئامانجی گەورەتر کە بەهێزکردن و پاراستنی ویلایەتی فەقێ و عەلی خامنەییە، هەر لە جێگەی خۆیدایە.