دەزگای قەزایی لەگەڵ ئازادکردنی ژنە چالاکێکی مەدەنیی کورد دژایەتی دەکات

14:34 - 28 رەزبەر 2718
ئاژانسی کوردپا: دادگای ئینقلابی شاری سنە، سەرەڕای دانانی بارمتەش، لە پێوەندی لەگەڵ ئازادکردنی ژنە چالاکێکی مەدەنیی خەڵکی ئەو شارە، ناڕەزایەتی دەربڕیوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، دادگای ئینقلابی شاری سنە، لەگەڵ ئازادکردنی سەحەر کازمی، ژنە چالاکی مەدەنیی بە دانانی بارمتە دژایەتی کرد و ناوبراو هەروەها لە گرتووخانەدا چارەنووسی ناڕوونە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئازادکردنی ئەو ژنە چالاکە مەدەنییە بە دانانی بارمتەش، هەر جارە بە هۆکارێکی نادیار لە لایەن بەرپرسانی دەزگای قەزایییەوە وەدوا خراوە.

ئەوە سەرچاوە ئاگادارە ئەوەشی خستەڕوو: ئەو چالاکە مەدەنییە کوردە، پاش ڕاگواستنی بۆ بەندی ژنان لە زیندانی شاری سنە، هەموو ڕۆژێک بۆ لێکۆڵینەوە ڕەوانەی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە دەکرێت.

ئەو سەرچاوەیە لە درێژەدا دەڵێت: هێزە ئیتلاعاتییەکان ئەو ژنە چالاکە مەدەنییە کوردەیان خستووەتە ژێر گوشارەوە بۆ دانپێنانی زۆرەملێ هەتا تۆمەتە وەپاڵدراوەکانی بە ئەستۆ بگرێت.

شایانی باسە، ڕۆژی پێنجشەممە ١٨ی پووشپەڕ، ، ئەو چالاکە مەدەنییە کوردەی خەڵکی شاری سنە، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی ئەو شارەوە دەسبەسەر کرا.