دەزگای قەزایی لەشاری سنە دەستی بەسەر بارمتەی ئازادکرانی رۆژنامەنووسێکی کوردا گرت

16:55 - 17 بانەمەڕ 2714
ئاژانسی کوردپا: خانووی نیشتەجێ بوونی دو بنەماڵەی کوردی خەڵکی شاری سنە کە وەکوو بارمتە بۆ ئازادکرانی رۆژنامەنووسیکی کورد لە زیندان داندرابوو، بە بڕیاری دەزگای قەزایی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران زەوت کران.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئومید ئەحمەدزادە رۆژنامەنووسی کوردی خەڵکی شاری سنە، کە ساڵی ١٣٨٦ لەلایەن هیزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەستبەسەر و پاش سێ مانگ بە دانانی ١٠٠ ملیۆن تمەن بارمتە، کە سەندی دوو دەست خانووبەرە بوو، ئازاد کراو هەنووکە دەزگای قەزایی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران داوای چۆڵکردنی ئەو دوو خانووبەرەیە دەکات.

\"19846.jpg\"
ئومید ئەحمەدزادە رۆژنامەنووسی کوردی خەڵکی شاری سنە
ئومید ئەحمەدزادە لە لیدوانێکدا بۆ هەواڵنێری کوردپا رایگەیاند؛ ئیدارەی کۆکردنەوە و فرۆشتنی ماڵ و کەلووپەلی \"تملیکی(خاوەنی)\" لە شاری سنە بە بڕیاری دادگای ئینقلابی ئەو شارە بنەماڵەی (مام و پوور)ی منی ئاگادار کردۆتەوە، کە خانووەکانیان چۆڵ بکەن.

ئەو چالاکە خوێندکارییە گوتیشی، ساڵی ١٣٨٦ بەهۆی قسە کردن لە زانکۆی بووعەلیی هەمەدان و رەخنە گرتن لە یاسای بنەڕەتیی ئێران لەسەر مەسەلەی هەڵبژاردنی سەرکۆماری لە ئێران و هەروەها بڵاو کردنەوەی بابەتێک لەژێر ناوی \"ما محکوم بە از خود نگفتنیم\" لە حەفتەنامەی دیدگادا دەستبەسەر و بە تەبلیغ بۆ شێواندنی رای گشتی و لایەنەگری لە حیزبە کوردییەکان تۆمەتبار کرام.

\"19847.jpg\"
چارەنووسی یەزدان حوسێن پەناهی هەتا ئێستا نادیارە
ئەو ئەندامەی شۆرای بەڕێوەبەریی حەفتەنامەی ئاسۆ گوتیشی، ساڵی ١٣٧٨ لەلایەن لقی ٢ی دادگای ئینقلابی شاری سنەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر تەیاری و بە تۆمەتی هەوڵدان دژی تەناهیی نەتەوەیی، پیكهێنانی کۆبوونەوە و تەبلیغ بۆ شێواندنی رای گشتی حوکمی ١٥ ساڵ زیندانی کرانم بۆ بڕایەوە و بە ناچاری رووم لە دەرەوەی وڵات کرد.

لەلایەکی دیکەوە، چارەنووسی لاوێکی تەمەن ٢٣ ساڵەی کوردی خەلکی شاری سنە، پاش ١٢ رۆژ دەستبەسەرکران، هەتا ئێستا چارەنووسی نادیارە.

یەزدان حوسێن پەناهی رۆژی شەممە رێکەوتی ٦ی بانەمەڕ لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە لەشاری سنە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار راگوێزرا و سەرەڕای بەدواداچوونی بنەماڵەکەی، چارەنووس و هۆکاری دەستبەسەر کرانی روون نەبۆتەوە.