دەزگای قەزایی شاری سنە بڕیاری تێکدانی گۆڕستانی بەهاییەکانی ئەو شارەی دەرکرد

21:34 - 28 گەلاوێژ 2713
ئاژانسی کوردپا: بەبڕیاری دەزگای قەزایی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، گۆڕستانی بەهاییەکانی شاری سنە لە نزیک زانکۆی زانستە پزیشکییەکانی ئەو شارە تێک ئەدرێت.

جەماڵ حائێری هاووڵاتیی بەهایی خەڵکی شاری سنە لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا بە ئاژانسی کوردپای راگەیاند، \" زیاتر لە ٤٠ هاووڵاتیی بەهایی لەو گۆڕستانەدا نێژراون کە نوێترین مردووی ئەو گۆڕستانە دایکی منە، ٤ ساڵ پیش ئیستا لەو گۆڕستانە ئەسپەردەی خاک کرا\".

ئەو هاووڵاتییە بەهاییەی دانیشتووی وڵاتی ئوسترالیا رایشیگەیاند، \"دادگای ئینقلابی شاری سنە بڕیاری زەوت کردنی گۆرستانی بەهاییەکانی شاری سنەی دەرکردووە و ئەو بریارەش رۆژی ١٢ی گەلاوێژی ئەمساڵ لەلایەن لقی ٦ی دادگای پێداچوونەوەی ئوستانەوە پشتراست کراوەتەوە\".

جەماڵ حائێــری ئاماژەی بەوەش کرد، \"پێشتریش لە دەورانی سەرکۆماریی ئەحمەدی نژاد\"دا هێرش کرابوویە سەر گۆری ئەو هاووڵاتییانی بەهایی و وێرای نووسینی \"دژوێن\" لەسەر گۆڕی ئەو هاووڵاتییانە، کێلەکانیشیان شکاندبوون\".

ئەو هاووڵاتیە بەهاییە ئەوەشی خستەڕوو، شوێنی ئەو گۆرستانە بە کەسێک بەناوی \"ع، گ\" فرۆشراوە و چاوەڕوان دەکرێ لەم رۆژانەدا کاری تێک دانی ئەو گۆڕستانی \"گوڵستانی جاوید\" دەست پێ بکرێت.

هەنووکە نزیک بە ٤٠ بنەماڵەی بەهایی لە شاری سنە نیشتەجێن کە ساڵانە چەندین کەسیان لەلایەن هێزە ئەمنیەکانەوە دەستبەسەر دەکرێن کە له دوایین حاڵەتی دەستبەسەر کردن دەکری ئاماژە بە \"سەمیم زارعی\" هاووڵاتیی خەڵكی شاری سنە بکەین کە رێکەوتی ١٥ی پووشپەڕی ئەمساڵ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا.