دەزگای قەزایی سزای دوو ساڵ زیندانیان بۆ چالاکێکی فەرهەنگی بڕیەوە

15:14 - 13 خەرمانان 2717
ئاژانسی کوردپا: دەزگای قەزایی حکوومەتی ئێران سزای دوو ساڵ زیندانی بە سەر چالاکێکی فەرهەنگی لە کوردەکانی خۆراسان دا سەپاند.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، چەند چالاکیی فەرهەنگی لە کوردەکانی خۆراسان لە لایەن هێزە ئەمنیەتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران هەڕەشەو دەستبەسەر کرد.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بارەیەوە بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: دەزگای قەزایی حوکمی دوو ساڵ زیندانی بۆ نووسەر و لێکۆڵەرێکی کوردی خۆراسانی بە ناوی \"ناسر ڕەشیدی\"بڕیەوە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها دەڵێت: دەزگای قەزایی ئەو دوو ساڵ زیندانیان لە پەیوەندیی لەگەڵ نووسینی بابەتێک لەژێر ناوی \"کوردەکان لە خۆراسان لە کۆچکردن هەتا ئەمڕۆ\" بە سەر ئەو چالاکە فەرهەنگیەدا سەپاندووە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها بۆ ئاژانسی کوردپا ئەوەشی خستەڕوو، ئەو چالاکە فەرهەنگییە هەنوکە بۆ تێپەڕاندنی ماوەی حوکمەکە لە زیندان دایە.

کوردەکانی خوراسان لە باکووری خوراسان و لە راز، جەرگەلان، بێجنورد، کەلاتی نادر و لەسنوورەکانی نیشابوور، سەبزەوار و مەشهەد و چناران نیشتەجێن.

کۆچی کوردان بۆ خوراسان لەکاتی دەسەڵاتی پاشاکانی سەفەویدا و بەمەبەستی بەرگری لەهێرشی ئۆزبەک، مەغۆل و تورکەمانەکان بۆ باکووری رۆژهەڵاتی ئێران، رووی داوە.