دەزگای قەزایی خۆی لە روونکردنەوەی دۆسیەی کوژرانی لاوێکی مەریوانی دەبوێرێت

22:32 - 10 پووشپەڕ 2714
ئاژانسی کوردپا: پاش تێپەرینی زیاتر لە ساڵێک بەسەر کوژرانی هاووڵاتییەکی خەڵكی شاری مەریوان بەدەستی هێزە ئینتزامییەکانی کەڵانتەریی ١١ی ئەو شارە، پەروەندەکەی روون نەبۆتەوەو کەسووکاریشی بەرەوڕووی هەرەشەی ئەو هێزانە بوونەتەوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، عیسا غوڵام وەیسی تەمەن ٢٥ ساڵ و خەڵکی شاری مەریوان، مانگی بەفرانباری ساڵی ١٣٩١ی هەتاوی بەهۆی ئاسەواری ئەشکەنجەوە، کە ئەنجامی ئەشکەنجەی مەئموورانی کەڵانتەریی ١١ بووە، گیانی لەدەست دا.

یەکێک لە ئەندامانی بنەماڵەی ئەو هاووڵاتییە کوردە لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی کوردپا، باسی لەوە کرد؛ پاش ئەوەی عیسا بەهۆی ئەشکەنجەی مەئموورانی کەڵانتەرییەوە گیانی لەدەست دا و تەرمەکەی بۆ پشکنین رەوانەی پزیشکی دادوەریی شاری سنە کرا، پاش ٦ مانگ وڵامەکەی هاتەوەو مردنەکەی بە مردنی ئاسایی لە قەڵەم درا.

گوتیشی: بۆ بەدواداچوونی یاسایی دۆسیەکەی، پارێزەرێکمان گرت و پاش ماوەیەکی کورت ئەو پارێزەرە لە ئەنجامی هەڕەشە و فشاری هێزە حکوومەتییەکاندا دەستی لە بە دواداچوونی دۆسیەکەی هەڵگرت.

بە گوتەی ئەو سەرچاوەیە: حەمید حاتەمی کە پارێزەریی ئەو دۆسیەی عیسا غوڵام‌وەیسی لە ئەستۆ گرتبوو، لە ئەنجامی هەڕەشەی هێزەکانی کەڵانتەریدا وازی لە بەدواداچوونی دۆسیەکە هێناو پێی راگەیاندین: \"ئەم دۆسیەیە لەەبر ئەوەیکە دادگا پشتیوانی لێ دەکات، هیچی لەگەڵدا ناکرێت\".

ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا بۆ روونبوونەوە و بەدواداچوونی دۆسیەی قەزایی عیسا غولام وەیسی، پەیوەندی بە حەمید حاتەمی‌زادەوە کرد، بەڵام ناوبراو لە لێدوان بۆ ئاژانسی کوردپا خۆی بوارد.

 پێشتر یەکێک لە نزیکانی بنەماڵەی عیسا غوڵام‌وەیسی چۆنیەتیی گیان لەدەست دانی عیسای بەم شێوەیە بۆ ئاژانسی کوردپا گێرابوویەوە، کە عیسا مانگی بەفرانباری ساڵی ٩١ و لە شەقامێکی ناوشاری مەریوان تووشی رووداوی ماشێن هاتبوو، کە مەئموورانی کەلانتەریی ١١ پاش ئەوەی گەیشتبوونە شوێنی رووداوەکە، دەستبەجێ شۆفیری ماشێنەکەیان ئازاد کردبوو، کە ئەمە ناڕەزایەتیی \"عیسا غولام وەیسی\" لێکەوتبوویەوەو بەو هۆیەوە ئەو لاوەیان بردبوویە کەڵانتەری و توندترین شێوە لەلایەن ئەو هێزانەوە درابووە بەر لێدان سەرەڕای شکاندنی لاقێکی، بەهۆی ئەشکەنجەشەوە تووشی خوێن‌ڕێژی نێو زگ هاتبوو، کە شەوێک دوا ئەو رووداوە گیانی لەدەست دا.