دەزگای قەزایی حکوومەتی ئێران لەگەڵ لێبوردنی محەممەد نەزەری دژایەتی کرد

15:42 - 5 رەشەمه 2716
ئاژانسی کوردپا: دەزگای قەزایی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، دژایەتی لەگەڵ لێبوردنی محەممەد نەزەری زیندانیی لە میژینەی سیاسیی کورد دەربڕی.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، دۆزگەری حکوومەتی ئێران بە ناردنی نامەیەک بۆ محەممەد نەزەری، زیندانیی سیاسی کورد لە زیندانی ڕەجایی شاری کەرەج دژایەتی خۆی بە لێبوردنی ناوبراو نیشان دا.

ئەو زیندانییە سیاسییە وێڕای پشتڕاست کردنەوەی ئەم هەواڵە بە هەواڵدەریی کوردپای ڕاگەیاند: ڕۆژی سێ شەممە ٣ی ڕەشەمە، نامەیەک لە لایەن دادستانەوە پێم گەیشت کە تێدا نووسرابوو، بە هۆی ناڕوون بوونی شیاویەتیی ئێوە ئەم لێبوردنه تۆ ناگرێتەوە.

محەممەد نەزەری ڕایگەیاند: ماوەی چەند مانگ پێش له نامەیەکدا هەر بەو ناوەرۆکە لە لایەن ئیتلاعاتی شاری ورمێ بۆی نێردرابوو کە سەرەڕای ئازاد نەکردنی من لە زیندان دژایەتی خۆیان سەبارەت بە گواستنەوەی من بۆ زیندانی ناوەندیی شاری ورمێ دەربڕیبوو.

محەممەد نەزەری زیندانیی سیاسیی کوردی خەڵکی ساین قەڵا لە ڕۆژی ٩ی جۆزەردانی ٧٣ لە لایەن مەئموورانی ئەمنیەتیی سپای ئەبوزەری شاری بۆکان دەستبەسەر کراو و لە هەر چەشنە مەرەخەسییەک بێبەری کرا.

ئەو زیندانییە سیاسیە کوردە، بە سەرۆکایەتی دادوەر جەلیل زادە بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردەیەکانی دژبەری حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بە ئێعدام مەحکووم کرا.

ئەو هاووڵاتییە سەرئەنجام ساڵی ١٣٧٨ حوکمی لەسێدارەدانەکەی بۆ زیندانی هەتاهەتایی گۆڕدرا و هەتا ئێستا لە زیندانەکانی ورمێ و رەجایی شاری کەرەج لە دەستبەسەری‌دایە و لە مافی چوونە مەرەخەسی بێبەرییە.

محەمەد نەزەری، کۆتاییەکانی مانگی خەرمانانی ساڵی ١٣٩١ بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بە مانەوەی دوو دەیە لە زیندان، لێوەکانی خۆی دووری و هاوکات بۆ ماوەی ٤٠ ڕۆژ مانی لە خواردن گرت.