دەزگای غەڵتەک گیانی کرێکارێکی سنەیی ئەستاند

14:24 - 10 پووشپەڕ 2718
ئاژانسی کوردپا: کرێکارێکی کوردی خەڵکی شاری سنە، لە کاتی کارکردن تووشی ڕووداوی کار هات و گیانی لە دەست دا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی هەینی ٨ی پووشپەڕ، کرێکارێکی کورد، بە ناوی \"وەحید مەولوودی\" کە لە کارگەی کارتونسازیی زاگرۆس خەریکی کار بووە، تووشی ڕووداوی کار هات.

ئەو کرێکارە کوردە، لە کاتی کارکردن، دەکەوێتە ژێر دەزگای غەڵتەکەکە و بەو هۆیەوە ناوبراو گیانی لە دەست دەدات.

وەحید مەولوودی خێزاندار و باوکی دوو منداڵی کەم تەمەنە.

لەو پەیوەندییەدا، حەوتووی ڕابردوو ٥ی پووشپەڕ، کرێکارێکی بیناسازی شاری ورمێ بە هۆی بەربوونەوە لە بینایەکی ٦ نهۆمی لە شەقامی حەسەنیی ئەو شارە گیانی لە دەست دا.

لە زۆربەی حاڵەتەکانی گیان لەدەستدانی کرێکاران، خاوەنکاران لە دانی دیە بە بنەماڵەی قوربانیانی ڕووداوی کار خۆ دەبوێرن و ئیدارەی بیمە دابینکردنی کۆمەڵایەتی بە بەرپرسی دانی دیە بە بنەماڵەی قوربانیانی کار دەزانن.