دەزگای "باس" فێستیڤاڵی مامۆستای حەوت هونەری لە شاری هەولێر بەڕێوە برد
ڕۆژی سێشەممە لە هۆڵی ڕۆشنبیریی هەولێر، دەزگای میدیایی "باس" بۆ ڕێزگرتن لە پێگەی هونەریی هونەرمەند "عەباس کەمەندی"، فێستیڤاڵی عەباس کەمەندی، مامۆستای حەوت هونەر"ی بەڕێوە برد.
فێستیڤاڵەکە بە ئامادەبوونی نوێنەری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پارێزگاری هەولێر، بەشێک لە وەزیران، نوێنەرانی دامودەزگای فەرمی، هونەری و ڕۆشنبیرییەکانی هەرێمی کوردستان، بنەماڵەی هونەرمەند عەباس کەمەندی (هاوسەر و کچێکی) و کۆمەڵێکی بەرچاو لە نووسەر و هونەرمەندانی کورد، بەڕێوە چوو.
لەو فێستیڤاڵەدا، بەرهەم عەلی نووسەر و ڕۆژنامەوان باسی لە کارەکانی ئەو هونەرمەندە کوردە کرد و وتی: "عەباس کەمەندی جیاواز لەوەی لە چەند بوارێکی بەرچاوی هونەریدا دەستێکی باڵای هەبووە، هاوکات نووسەر، بێژەر، ئاوازدانەر، شێوەکار، شاعیر و لێکۆڵەر و فەرهەنگناسێکی دڵسۆزی نەتەوەی کورد بووە و دەتوانین بە مامۆستای چواردە هونەریش ناوی لێ ببەین".
لە بەشێکی دیکەی ئەو فێستیڤاڵەدا، "ئومید خۆشناو" چەند قسەیەکی لەسەر پێگەی هونەریی نەمر عەباس کەمەندی بەرز نرخاند و بەڵێنیی دا: "لە داهاتوو لە شاری هەولێر شوێنێک بە ناوی عەباس کەمەندی بکرێت".
لە بڕگەیەکی دیکەی فێستێڤاڵەکەدا فیلمێکی دیکیۆمێنتاری لەبارەی ژیان و بەرهەم و پێگەی هونەریی هونەرمەند عەباس کەمەندی پیشانی ئامادەبووان درا کە لەلایەن کەناڵی کوردستان ٢٤وە ئامادە کرابوو.
دواتر لەلایەن سروور کەمەندی خێزانی عەباس کەمەندی و ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێرەوە پەردە لەسەر وێنەی هونەرمەند عەباس کەمەندی لا درا.
پاشان خەڵاتی تایبەتی عەباس کەمەندی، مامۆستای حەوت هونەر، لەلایەن بەرهەم عەلی نووسەر و ڕۆژنامەنووس پێشکەش بە هاوسەر و کچی هونەرمەند کەمەندی کرا.
عەباس کەمەندی ڕێکەوتی ١ی جۆزەردانی ١٣٩٣ی هەتاوی، لە نەخۆشخانەی ''تەوحید"ی شاری سنه لە تەمەنی ٦٢ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.