دەزگاکانی بەڕێوەبەری لە کوردستان بەربەستن لە ڕێی دانانی سەرمایە لەو پاریزگایەدا

14:54 - 5 رێبەندان 2716
ئاژانسی کوردپا: نوێنەری پارێزگای سنە لە مەجلیس ڕایگەیاند: زۆربەی دەزگاکانی بەڕێوەبەری لەو پارێزگایەدا، خەریکی کێشە دروست کردنن بۆ هێنانی سەرمایەی سەرمایەدانەران.

هەواڵدەریی فارس لە زاری نوێنەری شارەکانی سنە، کامیاران و دیواندەرە لە مەجلیسی شورای ئیسلامی بڵاوی کردەوە، ئێمە خەڵکی بێکارمان زۆرە، پارێزگای سنە لە بواری بێکاری دا بە یەکێک لە پاریزگا یەکەمەکانی ئێران بە ئەژمار دێت.

سەید مێهدی فەرشادان گوتی: ئەگەر ئێمە دەرەتان بە کەرتی تایبەت نەدەین چۆن دەتوانین لاوانی ئەو پاریزگایە کە تووشی خەسارە کۆمەڵایەتییەکانی وەک، گیرۆدە بوون بە ماددەی سڕکەر، تەڵاق و تاوانکاری و کێشەکانی دیکە بوون بپارێزین.

فەرشادان هەروەها گوتی: بەو ڕێژە بێکاریە کە لە کوردستان دایە چۆن دەتوانین بۆ کەم کردنەوەی خەسارە کۆمەڵایەتییەکان هیواداربین و بە لاوان بڵێین وەدوی خەسارە کۆمەڵایەتییەکان نەکەون.

ئەو نوێنەرەی مەجلیس ئەوەشی خستەڕوو، چەند جارێک من بە پارێزگاری سنەم ڕاگەیاندووە، زەمانێک کە سەرمایەگوزاری بیانی دێتە ئەو پارێزگایە، هەر کەسێک بەربەست و کێشەی بۆ ساز بکات تەنانەت ئەگەر خودی پارێزگاریش بێت لە ڕاگەیەنەکاندا بڵاوی دەکەمەوە.

ناوبراو هەروەها ڕەخنەی توندی لە بەرپرسی سەرچاوە سروشتییەکانی پارێزگای سنە گرت و گوتی: هێچ کاتێک ئیزن نادەم سەرچاوە سروشتییەکانی کوردستان لەلایەن کەسانێکی بەرژەوەندیخوازەوە بە تاڵان ببرێت.

ناوبراو هەروەها دەڵێت: بە هۆی کێشەی ئابووری، خەڵکی گوشارێکی زۆریان لە سەرە و نابێت گوشارەکان بۆ سەر خەڵک زیاتر بێت و بە جێگای دانانی سەرمایە بۆ چارەسەر کردنی کێشەکان و پێشگرتن لە کۆچ کردنی گوندەکان، خۆمان خەریکین گوشاری زیاتر بۆ ئەوان دروست دەکەین.