دەرکردنی سێ قوتابی بە هۆی نەدانی پارە بە قوتابخانە

20:37 - 27 خەزەڵوەر 2717
ئاژانسی کوردپا: سێ قوتابی خەڵکی شاری شنۆ بە هۆی نەدانی پارە بۆ قوتابخانە، لە قوتابخانە دەرکران.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەاڵدەریی کوردپا، ئەمڕۆ شەممە ٢٧ی خەزەڵوەر، سێ قوتابی قوتابخانەی \"سی‌کانی\" شاری شنۆ بە هۆی نەدانی پارەی گازوئیل لە لایەن مامۆستایی قوتابخانەکەوە دەرکران.

ئەو سێ قوتابییە بە هۆی دەستکورتی و نەدانی پارەی سووتەمەنی لە قوتابخانە دەرکراون.

باوکی یەکێک کە قوتابیان کرێکارە و باس لە دەستکورتی خۆی دەکات و دەڵێت: لە کام عورف و یاسا و شەرعێکدا هاتووە منداڵێکی چووکە بە هۆی نەدانی پارە لە قوتابخانە دەربکرێت.

باوکی ئەو قوتابە لە درێژەدا دەڵێت: مەگەر بووتە پاشایەتیی کە تەنیا منداڵی دەوڵەمەندەکان بخوێنن.

لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا وەرگرتنی پارە لە قوتابیان بە شێوەیەکی بەرین لە قوتابخانەکانی ئیران بە تایبەت لە قوتابخانەی ناوچە کوردنشینەکانی ئێران لە ئارادا بووە و تەنانەت لە زۆربەی شوێنەکانیش، قوتابیان بۆ خۆیان سووتەمەنیان لەگەڵ خۆیاندا بۆ قوتابخانەکان بردووە.

بەپێی بەندی یەکی مادەی ٢٦ی ڕاگەیەنراوی جیهانیی مافی مرۆڤ بۆ پەروەردە و بارهێنانی بێ بەرانبەر و گشتگیر، هەموو کەسێک مافی پەروەردە و فێربوونی هەیە و ئیدارەی پەروەردە و بارهێنان لانیکەم دەبێ پەروەردەی سەرەتایی و بنەڕەتیی بێ‏بەرانبەر بۆ هاووڵاتییان تەرخان بکات.