دەرکرانی ٧ کرێکار و گیان لە دەستدانی کرێکارێکی کورد لە شاری تاران

15:08 - 20 پووشپەڕ 2718
ئاژانسی کوردپا: ٧ کرێکاری کوردی خەڵکی شاری کامیاران، کە لە شیرکەتی سنعەتیی کووشان ــ بەسەر خەریکی کار بوون، لە لایەن خاوەنکاری ئەو شیرکەتەوە لە سەر کارەکەیان دەرکران.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، خاوەنکاری شیرکەتی سنعەتی کووشان ــ بەسەر، ٧ کەس لە کرێکارانی خۆی کە لە پۆمپ بەنزیدا کاریان دەکرد، لەسەر کارەکەیان دەرکرد.

ئەو ٧ کرێکارە کوردە، گرێبەستی یەکساڵەیان هەبووە و پێش تەواوبوونی ماوەی گرێبەستەکەیان لە لایەن خاوەنکارەکەیانەوە دەرکراون.

خاوەنکاری ئەو پۆمپ بێنزینە، سەرەڕای دەرکرانی ئەو ٧ کرێکارە، چەک و سفتەی لەوانیش وەرگرتووە، کە ئەم کارە بەپێچەوانەی یاسای کارە.

هەر لەو پەیوەندییەدا، ڕێکەوتی ١٧ی پووشپەڕ،شیرکەتی \"شیرین عسل\" لە شاری سنە، ٣ کەس لە کرێکارانی خۆی کە ناڕەزایەتییان لە هەمبەر دواکەوتنی مووچەکەیان دەربڕیبوو، لە سەر کارەکەیان دەرکردووە.

هەروەها ڕۆژی دووشەممە ١٨ی پووشپەڕ، کرێکارێکی کوردی خەڵکی یەکێک لە گوندەکانی شاری ورمێ، بە هۆی خواردنی ئاوی سارد لە کاتی کارکردن لە شاری تاران گیانی لە دەست داوە.

ئەو کرێکارە کوردە، خەڵکی گوندی \"بەهێکی سەرو\" سەر بە شاری ورمێ و تەمەن ٢٨ ساڵ راگەیەندراوە.