دەرکرانی فەرمانبەران و دەسبەسەرکرانی ژمارەیەک ناڕازی لە ٢ شیرکەتی حکوومەتیدا

13:26 - 16 بانەمەڕ 2715
ئاژانسی کوردپا: دوو شیرکەتی حکوومەتی لە ئوستانی خووزستان، دەستی داوەتە دەرکردنی بەربڵاوی فەرمانبەرە عەرەبەکان و ئەمەش ناڕەزایەتیی ئەو فەرمانبەرانەی لێ کەوتووەتەوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لەم چەند رۆژەی دواییدا شیرکەتی ناسراو بە \'\'گرووپی میللیی فوولای ئەهواز\'\' ٤٠ فەرمانبەری خۆی لەسەر کار دەر کردووە.

دەوترێ ئەو شیرکەتە پاش دەرکردنی فەرمانبەرە عەرەبەکان، دەستی داوەتە دامەزراندنی فەرمانبەری ناخۆجێی.

لەو پێوەندییەدا و لە ماوەی حەوتووی رابردوودا، \'\'شیرکەتی نەوتیی ئازادگان\'\' ١٣٠ فەرمانبەری خۆی کە هەموویان سەربە نەتەوەی عەرەبی ئەهواز بوون، دەرکردووە و لە جێگاکەیان فەرمانبەری ناخۆجێی دامەزراندووە.

دەرکراوانی ئەو شیرکەتە، ئەندازیار، تەکنیسیەن و کرێکارای شارەکانی حەویزرە، سووسەنگرد و ئەهواز لە خۆ دەگرێت.

بەرپرسانی شیرکەتی نەوتیی ئازادگان، پاش ناڕەزایەتیی فەرمانبەرە دەرکراوەکان، رایانگەیاندووە: \'\'فەرمانی دەرکرانیان لەلایەن وەزارەتی نەوتەوە لە تاران راگەیەنراوە\'\'.

پاش ناڕەزایەتیی فەرمانبەر دەرکراوەکان، هێزە ئەمنیەتییەکان ئەندازیارێکیان بەناوی \'\'مەهدی سەعیدی\'\' بە تۆمەتی ناڕەزایەتی دەربڕین لەهەمبەر دەرکرانی و دامەزراندنی کەسانی ناخۆجێی لە شیرکەتی نەوتیی ئازادگان، دەسبەسەر کردووە.

ئەو ئەندازیارە پێش دەسبەسەرکرانی، لە رێگەی \'\'واتس ئاپ\'\'ەوە هەڕەشەی خۆکوشتنی لە ئەگەری نەگەڕانەوە بۆ سەر کارەکەی، کردبوو.

پێشتریش رێکەوتی ٢٢ی خاکەلێوە، شارەداری حەویزە بەناوی \'\'عەباس نیسی\'\' بەهۆی دەربڕینی ناڕەزایەتی لە بەرانبەر کارگێڕی گشتیی شیرکەتی میللیی ناوچە نەوتییەکانی باشوور لەمەڕ دەرکرانی لاوانی عەرەب و هەڵکشانی رێژەی نرخی بێکاری لەو ئوستانە، دەرکرا و کەسێکی دیکەی ناخۆجێیان بۆ شارەداری ئەو شارە دیاری کرد.