دەرچوویەکی زانکۆ لە روانسەر، لە کاتی کرێکاریدا گیانی لەدەست دا

18:49 - 10 رەزبەر 2714
ئاژانسی کوردپا: لاوێکی کوردی خەڵکی ناوچەی روانسەر، لە کاتی کارکردندا و بەهۆی رووداوی کارەوە گیانی لەدەست دا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لاوێکی تەمەن ٢٤ ساڵەی خەڵکی گوندی (حەسەن ئاوا)ی روانسەر، کە خاوەنی بڕوانامەی لیسانس بووە، لە کارگەی (وشک کردنەوەی گەرمە شامی\"ذرت\") بووە قوربانی.

ئەو لاوە کوردە، ناوی فەریاد یاری، تەمەن ٢٤ ساڵ و خاوەن بڕوانامەی لیسانس بووە، کە لە کاتێکدا لە نیو عەمباری کارگەکەدا سەرقاڵی کار بووە، باری ماشێنیان بەسەریدا بەتاڵ کردووەو و بەو هۆیەوە لەناو گەرمە شامییەکاندا خنکاوە.

بە گوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، فەریاد یاری کە بڕوانامی لیسانسیشی هەبوو، بەهۆی بێکاری و دانەمەزراندنییەوە، لە کارگەی گوندەکەی خۆیان سەرقاڵی کار کردن بوو.

لە وڵاتی ئێران زۆربەی خوێندکاران پاش تەواوکردنی خوێندن لە ئیدارە و ناوەندەکان وەرناگیرین و بەوهۆیەوە بۆ دابین کردنی بژیویی ژیان روو لە کرێکاری و تەنانەت کۆلبەریش دەکەن، کە چالاکانی سیاسی هۆکاری وەرنەگیرانی خوێندکاران لە پاش تەواوکردنی خویندن بۆ هەڵاواردن و دیاری کردنی مەرج لەلایەن حکوومەتەوە دەگەڕێننەوە.