دەروێشێکی گونابادی لە شاری کامیاران دەسبەسەر کرا

12:34 - 24 رەشەمه 2717
ئاژانسی کوردپا: دەروێشێکی گونابادی، خەڵکی شاری ئیلام، لە لایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی حكوومەتی ئێرانەوە لە شاری کامیاران دەسبەسەر کرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئێوارەی ڕۆژی ڕابردوو، هێزە ئەمنییەتییەکان لە شاری کامیاران، دەروێشێکی گونابادی خەڵکی شاری ئیلامیان لەو شارە دەسبەسەر کرد.

\"\"
تەقی مورادی
شوناسی ئەو دەروێشە گونابادییە، بە ناوی \"تەقی مورادی\"، خەڵکی شاری ئیلام ڕاگەیندراوە.

ماڵپەڕی \"مجذوبان نور\" لە زاری بنەماڵەی ئەو دەروێشە گونابادییە بڵاوی کردۆتەوە کە، دەسبەسەر کردنی تەقی مورادی لە کەشوهەوایەکی پڕ لە ترس و تۆقاندن بووە و هێزە ئەمنییەتییەکان لە دانی بەڵگە و هۆکاری دەسبەسەر کردنی ناوبراو خۆیان بواردووە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها نووسیوویەتی: دەسبەسەر کردنی ئەو دەروێشە گونابادییە، لە کاتێکدایە، کە برایەکی تەقی مورادی لە دەروێشەکانی گونابادی لە ڕووداوەکانی \"گوڵستانی حەوتەم\" دەسبەسەر و هەنووکە لە زیندانی \"فشافویە\" دایە.

پاش ڕووداوەکانی ١ی ڕەشەمە، لە گوڵستانی حەوتەم، زیاتر لە ٤٠٠ دەروێشی گونابادی دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراون و ١١ ژنی دەروێشی گونابادی لە نێو دەسبەسەرکراوەکان بەرچاو دەکەون.