دەرهێنانی بەردی مەڕمەڕ ئەشکەوتی مێژوویی \"موکری قورئان\"‌ی بۆکان لەناو برد + وێنــه

15:50 - 27 خەزەڵوەر 2713
ئاژانسی کوردپا: ئەشکەوتی مێژوویی موکری قورئان لە ناوچەی بۆکان بە هۆی کەمتەرخەمیی ناوەندە پێوەندیدارەکان و دەرهێنای ناستانداردی بەردی مەڕمەڕ، لەناو چوو.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، دەرهێنای بەردی مەڕمەڕ لەنزیک ئاوایی \"خوراسانە\" و \"تازەقەڵا\"ی بۆکان وای کردووە، کە شوێنی چوونە ژووری ئەشکەوتی موکری قورئان بەتەواوەتی ببسترێت.

بەوتەی هاووڵاتییانی ناوچەی بۆکان؛ \"میچی ئەشکەوتەکەش بە هۆی هاتوچۆی دەزگاکانی بەردشکێن، لۆدێر و بۆڵدیزێرەکان تێک‌رووخاوە\"

چەند مانگ لەمەوبەر دانیشتوانی ئاوایی \"خوراسانە و تازەقەڵا\"‌ی شاری بۆکان بەنیشانە کەمترخەمیی بەرپرسانی شاری بۆکان و مەترسیی لەناوچوونی ئەشکەوتی موکری قورئان، ناڕەزایەتیان دەربڕیبوو.

لەو پێوەندییەدا لێپرسراوی ئیدارەی میرات فەرهەنگی شاری بۆکان بڕیاری راگرتنی دەرهێنای بەردی لەنزیک ئەو ئەشکەوتەدا دەرکرد، بڕیارێک کە بەپێی هەواڵی هەواڵدەریی ئیرنا، تەنیا ١٧ رۆژی خایاند و دواتر دەست بە دەرهێنای بەردی مەڕمەڕ کرایەوە.

لەو بارەیەوە سەرچاوە ناوچەییەکان بڵاویان کردبۆوە، سەرەڕای ئەوەی کە بەشێک لە ئەشکەوتی موکری قورئان لەناو چووە، دەرهێنای بەرد بەردەوامە و لایەنە پێوەندیدارەکانیش هیچ هەڵوێستیکیان نییە.

ئەشکەوتی موکری قورئان لەنزیک ئاوایی خوراسانە و لەسەر رێگای بۆکان ـ مەهاباد هەڵکەوتووە.

شاری بۆکان بێجگە لە ئەشکەوتی موکری قورئان چەندین ئەشکەوتی دیکەش بەناوەکانی\" ئەشکەوتی قەڵایچی، ئەشکەوتی کوولاباد، ئەشکەوتی کونە کۆتر\" لەئاوایی ئێنگیجە و ئەشکەوتی کونەکۆتر لەئاوایی سەهۆڵان\" بوونی هەیە.

وێنــه: مالپه‌ری زریان
\"16878.jpg\"

\"16879.jpg\"

\"16880.jpg\"