دەبێت بەرپرسانی پرۆژەی \"مەسکەنی مێهر\" لە کرماشان دادگایی بکرێن

15:15 - 24 خەزەڵوەر 2717
ئاژانسی کوردپا: کۆمەڵەی مافی مرۆڤ کوردستانی ئێران_ژنێف لە ڕاگەیەندراوێکدا، داوای ناساندن و دادگایی کردنی بەرپرسانی پرۆژەی مەسکەنی مێهری شاری کرماشانیان کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستانی ئێران_ژنێف لە ڕاگەیەندراوێکدا هاوخەمی خۆی لەگەڵ بنەماڵەی قوربانیانی بوومەلەرزەکە دەربڕی و داوای لە حکوومەتی ئێران کرد، هەوڵەکانیان چڕتر بکەنەوە بۆ یارمەتی گەیاندنی بەرکەوتووان.

هەروەها ئەو ڕێکخراوەیە داوای لە حکوومەتی ئێران کرد، یارمەتییەکانی ڕێکخراو و ناوەندە نێونەتەوەییەکان قەبووڵ بکات و هەوڵەکانی خۆی لە ڕاستای هەرچی زووتر نۆژەن کردنەوەی شار و گوندە بوومەلەرزە لێدراوەکان چڕتر بکاتەوە.

ئەو ڕێکخراوەیە لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا داواکاری ناساندن و دادگایی کردنی بەرپرسانی دروست کردنی مەسکەنی مێهری لە شاری کرماشان کرد.

بە وتەی ئیسحاق جەهانگیری، جێگری سەرکۆماری ئێران زۆربەی خانووە
ڕووخاوەکان لە بوومەلەرزەکەدا سەر بە مەسکەنی مێهر بوون.