دێکیۆمێنت‌سازانی سینەمای ئێران داوا دەکەن کەیوان کەریمی تۆمەتە وەپاڵنراوەکان لەسەر هەڵبگیرێت

14:46 - 11 سەرماوەز 2715
ئاژانسی کوردپا: ژمارەیەک لە دێکیۆمێنت سازانی سینەمای ئێران لە بەیانییەیەکدا پشتیوانیی خۆیان بۆ کەیوان کەریمی دەربڕی.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ١٣٧ کەس لە دێکیۆمێنت‌سازانی سێنەمای ئێران لە بەیانییەیەکدا، ناباوەڕی و سەرسووڕمانی خٶیان لەهەمبەر حوکمی دەرچووی دادگا بۆ کەیوان کەریمی سینەماکاری کورد، دەربڕی.

لەو بەیانییەدا هاتووە: \"باوەڕمان بە دادپەروەریی دادگای پێداچوونەوە هەیە و هیوادارین ئەو خراپ‌تێگەیشتنە کە بووەتە هۆی ئەوەیکە کەیوان کەریمی تاونبار لە قەڵەم بدرێت، ڕاست بکرێتەوە و جەخت دەکەینەوە کە ئەمنییەتی کار بۆ دێکیۆمێنت‌سازانی ئێرانی، وەکوو هەموو توێژە فەرهەنگی و هونەرییەکانی دیکەی ئێران بۆ دروست‌کردنی بەرهەمە هونەرییەکان پێویستە\".

لقی ٢٨ی دادگای ئینقلابی تاران، بەهۆی دروست‌کردنی فیلمی \"نوشتن بر شهر\"، سزای ٦ ساڵ زیندانی بۆ کەیوان کەریمی دەرهێنەری کورد بڕییەوە.

هەروەها ئەو سینەماکارە کوردە سزای ٢٢٣ زەربە شەللاقیشی بۆ بڕاوەتەوە.

ئەو بڕیارەی دادگا بەهۆی ئەوەوە بووە کە فیلمی ناوبراو شرۆڤەی سیاسی لێ‏کراوە و دەزگای قەزایی حکوومەت، بە پڕوپاگەندا دژی نیزام لەقەڵەمی دەدات.

ئەو دەرهێنەرە کوردە لە وتووێژێکدا لەگەڵ هەواڵدەریی \"ئاسۆشێتێدپرێس\" ئەو تۆمەتە وەپاڵنراوەای ڕەت کردووەتەوە و گوتوویەتی نێوەرۆکی فیلمەکەی لەسەر پرسە کۆمەڵایەتییەکانە.

کەیوان کەریمی، دەرچووی ڕشتەی مودیرییەتی ڕاگەیەنەکانە و برای هونەرمەندی بەناوبانگ و کۆچکردوو تەها کەریمییە.