دێولان؛ هاووڵاتییەکی ناڕازی بەهۆی تەقەی ‌هێزە ئەمنییەتییەکان گیانی لەدەست دا

12:00 - 29 خەرمانان 2722

ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە ٢٨ی خەرمانان، "ڕەزا لوتفی" یەکێک لە ناڕازییان بە قەتڵی حکوومەتی "ژینا ئەمینی" بەهۆی تەقەی هێزە ئەمنییەتییەکان لە شاری "دێولان" کوژرا.

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هاووڵاتییانی دێولانی بە قەتڵی حکوومەتی ژینا ئەمینی ناڕەزایەتییان دەربڕی و هاتنە سەر شەقامەکان، کە بە دەستێوەردانی هێزە ئەمنییەتییەکان و هێزەکانی دژە شۆڕش، ئەو کۆبوونەوە ناڕەزایەتییە توندوتیژی لێکەوتەوە و شەڕ و پێکدادان لە نێوان هاووڵاتییان و هێزەکانی حکوومەتی هاتە ئاراوە.

چەند هاووڵاتیی دیکە بەهۆی تەقەی هێزە ئەمنییەتییەکان لەو کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەدا، پێکران.

ڕۆژی دووشەممە ٢٨ی خەرمانان، دووکانداران و کاسبکارانی شارەکانی کوردستان، پاش بانگەوازی هێزە سیاسییەکان و ڕێکخراوە مەدەنییەکان، بە کوژرانی ژینا ئەمینی، مانیان گرت و دووکانەکانیان بە نیشانەی ناڕەزایەتیی داخست.

ڕۆژی هەینی ٢٥ی خەرمانان، ژینا (مەهسا) ئەمینی، که لە ئەنجامی لێدان و ئازار و ئەشکەنجە، لەلایەن مەئموورانی گەشتی ئیرشاد، کەوتبووە حاڵەتی بێهۆشی درێژخایەن، لە نەخۆشخانە کەسرای تاران، گیانی لەدەست دا و ڕۆژی شەممە ٢٦ی خەرمانان، بە ئامادەبوونی خەڵکێکی زۆر، لە گۆڕستانی "ئایچی" سەقز، ئەسپەردەی خاک کرا.