دێهلوڕان؛ ژنێکی تەمەن ٣٥ ساڵ بەهۆی تەقینەوەی کەرەستە تەقەمەنییەکان بریندار بوو

12:15 - 23 رێبەندان 2721

ڕۆژی هەینی ٢٢ی ڕێبەندان، ژنێکی تەمەن ٣٥ ساڵ بەهۆی تەقینەوەی کەرەستە تەقەمەنییە بەجێماوەکانی شەڕی ئێران و عێراق، لە شاری دێهلوڕان بە سەختی بریندار بوو.

"عیسا بازیار" چالاکی مافی مرۆڤ لەمبارەوە بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: "ئەو هاووڵاتییە لەگەڵ بنەماڵەکەی بۆ گەشت و سەیران سەردانی ناوچەی بەیاتی شاری دێهلوڕانی کردبوو کە تووشی ئەو ڕووداوە بووە".

ناوبراو هەروەها ڕایگەیاند: "ئەو ژنە تەمەن ٣٥ ساڵەیە بۆ چارەسەرکردنی پزیشکی ڕەوانەی نەخۆشخانەی شاری دێهلوڕان کراوە و باری تەندروستیی نالەبارە".

لەم پەیوەندییەدا ڕۆژی دووشەممە ١٨ی ڕێبەندان، منداڵێکی تەمەن ١١ ساڵ لە عەشایەرەکان بەهۆی تەقینەوەی مین لە شاری قەسری‌ شیرین بریندار ببوو.

هەروەها ڕۆژی شەممە ١٦ی ڕێبەندان، منداڵێکی تەمەن ٥ ساڵ بە ناوی "سوهەیل هاشمی" لە شاری مێهران، بەهۆی تەقینەوەی یەکێک لە مینە کۆنەکراوەکان بریندار ببوو. ئەو منداڵە لە ناوچەی عەشایری "ڕەزا ئاوا" و لە کاتی یاریکردن تووشی ئەو ڕووداوە ببوو.