دیکیۆمێنتی "عەشایەری خۆراسانی باکوور" ناڕەزایەتیی کوردانی خوراسانی لێکەوتەوە

14:33 - 12 بەفرانبار 2712
ئاژانسی کوردپا: دیکیۆمێنتی رادیۆیی \"عەشایەری خۆراسانی باکوور\" کە ماوەی ١ مانگ پێش ئێستا کاری بەرهەم هێنانی کۆتایی پێهات، لەگەڵ ناڕەزایەتیی هاووڵاتییانی کوردی ئەو پارێزگایە بەرەوڕوو بۆوە.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئەو دیکیۆمێنتە رادیۆییە کە ماوەکەی ٣٠ خولەکە و لە لایەن ئێزگەی رادیۆیی \"ئەترەک\"وە بەرهەم هاتووە، چۆنیەتیی کۆچ کردنی عەشایەرە کوردەکان بۆ خۆراسانی باکوور و شێوەی ژیانی ئەو عەشایەرانە دەخاتە روو.

سەرچاوەیەکی باوەڕ پێکراو بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند: سەرەتا بڕیار وابوو کە ئەم بەرهەمە دیکیۆمێنتییە بە دوو زمانی کوردی و فارسی دروست بکرێت، بەڵام بەرپرسانی ناوەندی دەنگ و رەنگی پارێزگای خۆراسانی باکوور دژایەتیی ئەو کارەیان کرد و لە ئەنجام دا تەنیا بە زمانی فارسی دروست کرا.

\"10512.jpg\"
ئەم کارەی دەنگ و رەنگی ئەترەک بووەتە هۆی ناڕەزایەتی کوردانی ئەو ناوچەیە و چونکە کاناڵی ئەترەک گرینگی بە زمانی کوردی نادات بە چەشنێک لە ماوەی ١ حەفتەدا تەنیا ٢٠ خولەک بەرنامەی بە زمانی کوردی هەیە ئەوە لەکاتێک دایە کە زیاتر لە ١ میلیۆن کەس لە حەشیمەتی ئەو پارێزگایە هاووڵاتییانی کورد پێکی دێنن.

سەرچاوەیەکی خۆجێی بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند: کەناڵەکانی تەلەفزیۆنی \"خۆراسانی رەزەوی\" بە زمانی کوردی بەرنامە بڵاو ناکەنەوە و بەگشتی هەوڵیان خستۆتە گەڕ کە هاووڵاتییانی کورمانج جیا لە نەتەوەی کورد لە قەڵەم بدەن و حاشا لە ناسنامەی کوردبوونی خۆیان بکەن.

ساڵی ١٣٨٤ی هەتاوی لە بڕیارێکی سیاسی دا پارێزگای خۆراسان بۆ ٣ پارێزگا دابەش بوو، هاووڵاتییانی کوردی دانیشتووی خوراسان بە سەر دوو پارێزگای خۆراسانی باکوور و خۆراسانی رەزەویدا دابەش کران، بە چەشنێک کە زیاتر لە ٦٠٠ هەزار کەس لە حەشیمەتی کوردانی ئەو ناوچەیە کە لە شارەکانی،قوچان،لایین،چناران نیشتەجێ بوون کەوتنە سەر پارێزگای خۆراسانی رەزەوی .