دیواندەرە/ شانۆی ئاگادارکردنەوە لە مەترسیی ماددە هۆشبەرەکان بەڕێوە دەچێت+وێنە

14:33 - 14 رێبەندان 2714
ئاژانسی کوردپا: پەرە ئەستاندن و گیرۆدەبوون بە ماددە هۆشبەرەکان، لە ناوچە کوردنشینەکان، نیگەرانیی لای چالاکانی کورد و ئەنجومەنە خەڵکییەکانی کوردستان دروست کردووە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ ژمارەیەک لە شانۆکران و چالاکانی شارستانی دیواندەرە، بە مەبەستی هۆشیار کردنەوەو پێشگیری کردن لە تووشبوون بە ماددە هۆشبەرەکان و مەترسییەکانی، لە گوندەکانی سەربەو شارستانە شانۆیەک بەڕێوە دەبەن.

ئەنجومەنی شانۆی دیواندەرە، بە هاوکاریی ئیدارەی بێزیستیی ئەو شارە، لە ٣٠ گوندی ناوچەی ساڕاڵ و کەرەفتووی شارستانی دیواندەرە، شانۆیەک سەبارەت بە ئاگادارکردنەوە لە مەترسیی دیاردەی ماددە هۆشبەرەکان لەحاڵی بەریوەچووندایە.

ئەو شانۆیە، کە بە شێوەی تەوس (طنز) و لەژێر ناوی نەهامەتیدا نمایش ئەکرێت، هەتا ئێستا لە گوندەکانی (کولتەپەی خواروو، گاوەشەلە و دەرەسپ)ی سەربە ناوچەی کەرەفتوو بەرێوە چووە.

شانۆی نەهامەتی لەلایەن محەمەد سەلیمی‌یەوە نووسراوەو حوسێن مورادی کاری دەرهێنەرییەکەی و لە ئەستۆ گرتووەو و هەروەها حوسێن مورادی، محەمەد سەلیمی، شۆڕش ساڵحی، ئارام بەهمەنی وەکوو ئەکتەر و ناسر کەریمیان وەکوو راوێژکار رۆڵیان تێدا بینیوە.

هاوکات لە شاری سەقز بەهۆی زیادبوونی رێژەی توشبوان بە ماددەی هۆشبەر، کەمپێکی دیکەی تایبەت بە وەلانانی ماددەی هۆشبەر لە گوندی ئاخکەندی شاری سەقز کرایەوە، کە تیایدا ٥٥ کەسی تووشبوو راگیراون.

یەکێک لە کارمەندانی فەرمانداریی شاری سەقز بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند؛ ئەو ٥٥ تووشبووە زۆربەیان خەڵکی گوندەکانی شاری سەقزن.

بەپێی ئەو زانیارییانەی بە ئاژانسی کوردپا گهەیشتوون، لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا، ژامرەیەکی بەرچاو لە لاوانی گوندەکانی گوندی مەرخوز و ئاخکەندی سەربە شاری سەقز، لەلایەن چەند کەسێکی سەربە حکوومەتەوە گیرۆدەی ماددە هۆشبەرەکان کراون.

هەبوونی ٣ کەمپی تایبەت بە وەلانانی ماددەی هۆشبەر و بڕیاری دروست کردنی کەمپێکی شەوانە بۆ تووشبوان لە کاتێکدایە، کە بەرپرسی پۆلیسی بەرنگاربونوەوەی ماددە هۆشبەرەکان لە شاری سەقز، رێکەوتی ٢٢ی مانگی رابردوو لە دانیشتنی شۆرای بەرنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکاندا شارستانی سەقزی وەکوو خاوێن‌ترین شارەکانی ئوستانی کوردستان لە بیاڤی ماددە هۆشبەرەکاندا لە قەڵەم دابوو.
ئارام. ح
وێنە: ساڕاڵ خەبەر
\"24524.jpg\"

\"24527.jpg\"

\"24525.jpg\"

\"24529.jpg\"

\"24528.jpg\"