دیسان کۆڵبەرێکی کورد لە پیرانشار بریندار کرا

13:18 - 29 سەرماوەز 2717
ئاژانس کوردپا: هێزە ئینتزامییەکانی حکوومەتی ئێران، لە ناوچەی پیرانشار کۆڵبەرێکی کوردیان دایە بەر دەسڕێژی گوللە و لە ئاکامدا ئەو کۆڵبەرە کوردە بریندار کرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، دوانێوەڕۆی ڕۆژی سێشەممە ٢٨ی سەرماوەز، کۆڵبەرێکی کوردی خەڵکی گوندی \"کەوپەڕ\" سەر بە شاری پیرانشار بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئینتزامییەکان بە سەختی بریندار کرا.

هەواڵنێری کوردپا لە شاری پیرانشار، شوناسی ئەو کۆڵبەرە کوردەی بە ناوی \"مستەفا خزری\" کوڕی ڕەحمان تەمەن ٢٧ ساڵ ڕاگەیاندووە.

بە وتەی سەرچاوەیە، هێزە ئینتزامییەکانی حکوومەتی لە شوێنێک بە ناوی\"کانی خوا\" تەقەیان لەو کۆڵبەرە کردووە، کە ناوبراو بە هۆییەوە بریندار بووە.

ئەو سەرچاوەیە لە درێژەدا دەڵێت: بنەماڵە ئەو کۆڵبەرە کوردە، بۆ چارەسەریی پزیشکی کوڕەکەیان ڕەوانەی ناوەندێکی دەرمانیی شاری مەهاباد کردووە و هێزە ئەمنیەتییەکان هەڕەشەیان لە بنەماڵەی خزری کردووە، کە نابێت ئەو ڕووداوە لە ڕاگەیەندراوەکاندا بڵاو بکرێتەوە.

لەو پەیوەندییەدا، کاتژمێر ١ی نیوەشەوی ٢٦ی سەرماوەز، هێزە ئینتزامییەکان لە گوندی \"بێتووش\" سەر بە شاری سەردەشت، دەسڕێژیان لە ژمارەیەک کاسبکاری کوردی ئەو ناوچەیە کرد، کە لە ئاکامدا دوو کاسبکاری کورد، بە ناوەکانی \"عوسمان ئەحمەدی\" کوڕی عەبدوڵڵا، تەمەن ٢٠ ساڵ و \"محەممەد بەهرامی\" کوڕی ڕەحمان، تەمەن ٢٢ ساڵ و خێزاندار گیانیان لە دەست دا.