دیسان تەقەی هێزە نیزامییەکان لە کۆڵبەران، برینداربوونی دوو کۆڵبەری لێ کەوتەوە

15:20 - 7 رەزبەر 2718
ئاژانسی کوردپا: دوو کۆڵبەری کوردی خەڵکی شاری سەڵماس، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکان بە توندی بریندار بوون و باری تەندروستیان نالەبار ڕاگەیەندراوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، شەوی ڕابردوو، هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی، لە سنووری شاری سەڵماس، دەسڕێژیان لە ژمارەیەک لە کۆڵبەرانی کورد کردووە، کە لە ئاکامدا دوو کۆڵبەری کوردی خەڵکی سەڵماس بریندار بوون.

شوناسی ئەو دوو کۆڵبەرە کوردە، بە ناوەکانی \"عەبدولعەزیز فەنەکی و میرحاج عەلیزادە\" ڕاگەیەندراوە.

ئەو دوو کۆڵبەرە کوردە، بۆ دابینکردنی بژێوی ژیان ڕوویان لە سنووری شاری سەڵماس کردبوو و لە شوێنێکی بە ناوی کوێستانی \"چلمێر شەهیدان\" تووشی ئەو ڕووداوە بوون.

ئەو دوو کۆڵبەرە کوردە، بۆ چارەسەریی پزیشکی ڕەوانەی ناوەندی دەرمانی کراوە و لەژێر چاوەدێریی پزیشکیدان.

دەوترێ، باری تەندروستی عەبدولعەزیز فەنەکی نالەبارە و لەژێر چاوەدێریی تایبەتی پزیشکیدایە.