دیاری کردنی سەرپەرەستی شۆرای مەریوان کێشەی لێکەوتەوە

15:39 - 15 خەرمانان 2715
ئاژانسی کوردپا: لەکاتی هەڵبژاردن و دیاریکردنی ئەندامانی لێژنەی شۆرای شاری مەریوان کێشە و ناکۆکیی هاتووەتە ئاراوە و لە نێو ئەندامانی شۆراکانیشدا تێکهەڵچوونی زارەکیی دروست بووە.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، چەند رۆژ لەمەوبەر ١١ ئەندامی شۆرای شاری مەریوان بە بەشداریی نوێنەری فەرمانداری کۆبوونەتەوە و سەرپەرەستی تازەی شۆرایان دیاری کردووە.

لە پڕۆسەی دەسنیشانکردنی سەرپەرەستی شۆراکەدا چوار ئەندامی شۆرا ناڕەزایەتیان دەربڕیوە و کۆبونەوەکەیان بەجێهێشتووە.

لە ناو ئەو ئەندامانەدا خانمێک بە ناوی موژگان محەممەدی زۆر بە توندی قسەی کردووە و ئاماژەی بە نادادپەروەرییەکانی ناو شۆراکە کردووە.

موژگان محەممەدی لەگەڵ حەمزە حەمیدی کە دوو ساڵ سەرپەرەستی شۆرای مەریوانی لە ئەستۆ بوو تووشی تێکهەڵچوونی زارەکیی بووە.

لەئەنجامی ئەو کێشەیەدا چوار کەس بە ناوەکانی موژگان محەممەدی، ئاسۆس باباخانی، محەممەد بەهرامی و ئێحسان سەجادی کۆبوونەوەکەیان بەجێهێشتووە و ئامادەی جەلەسەی دیاری کردنی جێگر و ساخکردنەوەی لێژنەکان نەبوون.

ئەو چوار ئەندامەی شۆرا نامەیەکیان بە نیشانەی ناڕەزایەتی بۆ فەرمانداری شاری مەریوان ناردووە و تێیدا داوای پێڕاگەیشتن و بە دواداچوون بە دۆخی ئاڵۆزی ناو شۆرای ئیسلامی شاری مەریوانیان کردووە.

کێشەی شۆراکان تەنیا تایبەت بە مەریوان نیە و زۆربەی شارەکانی دیکەی کوردستانیشی گرتووەتەوە.

لەو بارەیەوە ئەندامانی شۆرای شارەکانی مەهاباد، شنۆ و شارەدێی شیناوێ لە پیرانشار بە کۆمەڵ دەستیان لەکار کێشاوەتەوە.

ئەو دەست لە کار کێشانەوەیە بە نامەی فەرمیی و لەماوەی یەک حەفتەی رابردوودا ئەنجام دراوە.