دیاردەی کوشتنی ئەندامانی بنەماڵەی لە کوردستان ڕووی لە زیادبوونە

22:18 - 19 خاکەلێوه 2718
ئاژانسی کوردپا: دیاردەی کێشەی بنەماڵەیی لە کوردستانی ڕۆژهەڵات، ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لە حاڵی پەرەسەندندایە و هۆی ئەو کێشانەش گیان لە دەستدانی ئەندامانی بنەماڵەی لێ دەکەوێتەوە.

بەپێی هەواڵە بڵاوکراوەکان لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، ژنە هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی شاری ورمێ، بەناوی گوڵێ حەلیمیان کچی عادڵ، لە لایەن مێردەکەیەوە بە ناوی فەهیم شێرزاد بە تەور هێرش کرایە سەری و بەو هۆیەوە گیانی لە دەست داوە.

ئەو ژنە لە لای ملیەوە بە توندی بریندار بوو و پاش خەواندنی لە بەشی \"ئای سی یوو\"ی نەخۆشخانەی ورمێ گیان لە دەست داوە و مێردەکەشی پاش ئەو ڕووداوە لە ڕێگای خۆهەڵواستنەوە هەوڵی خۆکوژی داوە و سەرکەوتوو نەبووە.

لە لایەکی دیکەوە، ڕۆژی شەممە ١٨ی خاکەلێوە، لە شاری شائاباد سەر بە پارێزگای کرماشان، بە هۆی کێشەی بنەماڵەییەوە پیاوێکی تەمەن ٤٥ ساڵ بە چەک کوڕە تەمەن ١٩ ساڵەکەی خۆی کوشتووە.

دیاردەی کوشتنی ئەندامانی بنەماڵە، بە هۆی کێشەی کۆمەڵایەتییەوە لە پارێزگاکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات، ڕووی لە زیادبوون دایە و ئەم دیاردەش بە هۆی کێشەگەلی وەک بێکاری، خەسارە کۆمەڵایەتییەکان، نەبوونی هەلی کار و نەبوونی ئازادییە کۆمەڵایەتی و فەرهەنگییەکانە کە بووتە هۆی کێشە نێوخۆیی بنەماڵەکان لە کۆمەڵگا.

وێنه: گوڵێ حەلیمیان